"قژیشیان چاک دەکەم و خواردنیشیان بۆ دەکڕم"
دەلاکێکی خێرخواز؛ پارەشت پێنەبێ ئەتوانی سەرت چاک بکەی
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
زۆر جار بەخشندەیی و دڵفراوانی بە گەورە و بچووک و دەوڵەمەندی و هەژارییەوە نییە، ئینسان لە هەر پۆست و مەقام و شوێنێکدا بێ، دەتوانێ بەپێی توانای خۆی ببەخشێ و چاوەڕێی وەڵامیش نەکات.
لە شەقامی پیرەمێردی سلێمانی دوکانێکی بچووک هەیە کە دڵێکی گەورەی تێدایە، لەسەر شوشەی دوکانەکە نووسراوە، “پارەشت پێنەبێ ئەتوانی سەرت چاک بکەی”، ئەمە دوکانی هاوژینی دەلاکە کە جگە لە ئیشەکەی خۆی چەندین پڕۆژەی دیکەی خێرخوازی هەیە و بە هاوکاری سەرمایەدار و خواپێداوان یارمەتی فەقیر هەژاران دەدات.
وەستا هاوژین قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “زۆربەی خێرەکانم بۆ منداڵانە، هەندێک جار قژیشیان چاک دەکەم و خواردنیشیان بۆ دەکڕم”.
ئەو هەندێک جار ڤیدیۆی کارە خێرخوازییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکاتەوە و وەک خۆی دەڵێت، هەرگیز روخساری کەسەکان پیشان نادات، ڤیدیۆکانیش لەسەر داواکاری خۆیان بڵاودەکاتەوە، بۆئەوەی هاوکاری و یارمەتی زیاتریان بۆ بچێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری