“پارەی پاسۆرتە نوێیەکە زۆرە”

عێراق داوایەکی پاسپۆرتی سلێمانی رەتکردەوە

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانى

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رازى نیە چیتر کار بە سیستمی کۆنی پاسپۆرت بکرێت، لە کاتێکدا بەهۆی گونجاوی نرخەکەیەوە پاسپۆرتی سلێمانی داوای بەردەوامی کردووە.

بە سیستمی کۆن، هاوڵاتی بە 25 هەزار دینار و بە پاسپۆرتی نوێ بە 91 هەزار دینار دەبێتە خاوەن پاسپۆرتی عێراقی.

لە بەرامبەر زۆری نرخی پاسپۆرتە نوێیەکە، بەرێوبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی داوای لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق کردووە، بەردەوامی بە سیستمە کۆنەکە بدەن.

ئەمرۆ سێشەممە 18.7.2023، عەمید سالار عەبدوڵا بەرێوبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە 964ی راگه‌یاند “تا ئێستا وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەو داوایەی ئێمە رازی نیە، کە گلەیی و گازندەی خەڵکمان پێگەشتووە لەسەر زۆری نرخی پاسپۆرتە نوێیەکە”.

پاسپۆرتی سلێمانی تاکە بەرێوه‌بەرایەتییە هێشتا ژوورەکانی سیستمە کۆنەکەی هەڵنەوەشاندووه‌تەوە، سەرەڕای ئەوەی بەغداد سیستمەکەی راگرتووە، بە وتەی سالار عەبدوڵا بێت “ئەو کۆمپانیا فەرەنسییەی پاسپۆرتی عێراقی دروستکردووە، بە نرخێکی زۆر گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق کردووە”.

“بەڵام، ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ ئەمەش جێگری سەرۆک وەزیران هاتۆتە سەر خەت و دەمانەوێت، هەرکەس کارتی نیشتمانی و ڤیزا کارتی هەبوو و توانای دارایی باش بوو بچێت بۆ پاسپۆرتە نوێیەکە، بە پێچەوانەوە هەرکەس توانای دارایی باش نەبوو پاسپۆرتە کۆنەکە دەربهێنێت” سالار عەبدوڵا وای وت.

پێنجشەممە، کۆتا وادەبوو کە پاسپۆرتی سلێمانی زیاتر لە یەک هەزار مامەڵەی هاوڵاتیانی بە سیستمە کۆنەکە رایکرد، بەڵام لە رۆژی دووشەممە 17.7.2023 دەستکراوە بە دەرکردنی پاسپۆرت بە سیستمی نوێ.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن