“ئەمساڵ لە کوردستانەوە هەزار کەس بە قاچاخ چوونەتە حەج”

964+
ئەحمەد مستەفا

لە حەجی ئەمساڵدا ژمارەیەکی زۆر لە سەردانیکارانی ماڵی خودا، بە ڤیزای گەشتیاری یان عومرە، چوونەتە سعودیە و پابەندی هیچ رێکارێکی وڵاتەکانیان نەبوون.

ئەم جۆرە حەجە لای سعودیە بە قاچاخ پێناسە کراوە، هەرکەس بگیرێت تووشی سزادان بە پارەدان یان زیندانیکردن دەبێتەوە.

بە وتەی بەرێوبەری حەج و عومرەی سلێمانی بێت، مەزەندە وایە ژمارەی ئەو کەسانە زیاتر لەیەک ملیۆن کەس بووبێت، لەو رێژەیەش زیاتر لە هەزار کەسی لە هەرێمی کوردستانەوە چوون.

ئەمڕۆ شەممە، کامەران عەلی بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانی بە 964ی وت، “لەبەر ئەوەی ئەو کەسانە لە بەردەم سزا و قەلەقیدان، دەبێت فەتوا لە بارەی ناپێویست بوونی حەجەکەیان دەربچێت و لەسەریان پێویست نەبێت”.

کامەران عەلی دەڵێت، قورسە بڕیار لە بارەی قبوڵبوون یان نەبوونی حەجەکەیان بدرێت، ئەو وتی، “گومانی باشمان وایە خوای گەورە، لە عەرەفە جیاوازی لە نێوان هیچ کەسێک ناکات بۆ لێخۆشبوون، بەڵام لەسەر ئالیەتی چوونی ئەو کەسانە دەبێت بڕیار بدرێت”.

ئەو کەسانەی لە رێگەی ڤیزای گەشتیاری چوونەتە حەج لە سعودیە، هەزار دۆلاریان بۆ وەرگرتنی ڤیزا و نزیکەی 700 دۆلاریان بە خەرجی ترانزێت داوە، بەڕێوربەری حەج و عومرەی سلێمانی دەڵێت، “بە لایەنی کەمەوە دوو هەزار و 500 دۆلار بۆ سێ هەزار دۆلاریان خەرج کردووە”.

“هەیە لێرە وەزیفەی گشتی جێهێشتوە، لە پرۆسەی حەجکردنیش چوونەتە دۆخێکی ئیحراجی، داوا لە هاوڕێکانیان دەکەن لە خێمەدا جێگەیان بکەنەوە یان ببنە سەرنشین لە پاسێکی ئەوان، ئەمە بارگرانییە”. کامەران عەلی وای وت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی