گۆپاڵفرۆشێک: گۆپاڵ هەیە نرخەکەی گەیشتوەتە 150 هەزار دینار
964+
شیراز عەبدوڵا – هەولێر
رۆژانی شەممە، لەنزیک باخی شار بەدیاریکراوی بەردەم سەعاتەکەی هەولێر، جمەی دێت لەو پیاوە دەست رەنگینانەی کە ساڵانێکە گۆپاڵ دروستدەکەن و دەیفڕۆشن، گۆپاڵفرۆشێک دەڵێت، گۆپاڵ هەیە بە 10 هەزارە و هەیە نرخەکەی دەگاتە 150 هەزار دینار.
مەحمەد حەسەن، خەڵکی دهۆکە، بۆ فرۆشتنی گۆپاڵەکانی هاتووەتە هەولێر و بەدیار گۆپاڵەکانیەوە دانیشتبوو، ئەو بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت، “زیاتر لە 40 ساڵە گۆپاڵ دروست دەکەم، بۆ ساغکردنەوەی گۆپاڵەکانم شار بە شار دەگەڕێم، چەندینجار چوومەتە موسڵ”.
گۆپاڵفرۆشەکان، گۆپاڵ لەهەریەکە لەدارەکانی مازی، بەڕوو، قەزوان، بێوکە، تاوک، بەناو، گێلاس، داری بنێشت، دار توو، سپیندار دروستدەکرێت.
گۆپاڵفرۆشەکان دەڵێن، بەهۆی پتەوی و بۆنخۆشیەکەی، داری بی باشترین جۆری دارە بۆ گۆپاڵ، نرخی گۆپاڵ بە پێی جۆری دارەکانە ، لە 10 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاکو 150 هەزار دینار.