لە کوردستان

گەرووى هورمز و جەنگەکە نرخى دانانى سیستمى وزەى خۆرى بەرز کردووەتەوە

رێبازخدر -هەولێر

بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و داخرانی گەرووی هورمز وەک یەکێک لە سەرەکیترین رێڕەوە ئابوورییەکانی جیهان، نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکانی سیستەمی وزەی خۆر لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.

هاوکار حەمەد، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیای “پاوەر سۆلید” بۆ وزەی خۆر، بە 964ـى راگەیاند: “داخرانی گەرووی هورمز تەنیا کاریگەری لەسەر نرخی نەوت نەبووە، بەڵکو بووەتە هۆی گرانبوونی کاڵا و کەلوپەلە هاوردەکراوەکان. لەو چوارچێوەیەشدا نرخی پاتری، ئینڤێنتەر و لەوحەی وزەی خۆر بە رێژەی %25 بۆ %35 بەراورد بە پێشتر بەرزبووەتەوە.”

ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە بەهۆی گرانیی نرخەکانەوە رێژەی کڕیار کەمبووەتەوە، بەڵام بەهۆی ناجێگیریی کارەبای نیشتمانی و گرانیی نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەکان، هێشتا خەڵک ناچارن پەنا بۆ کڕینی سیستەمی وزەی خۆر ببەن، بەتایبەت کە وەرزی هاوین و گەرما لە پێشە.

سیستەمی وزەی خۆر لە چەند ساڵی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت دوای راگەیاندنی پڕۆژەی “رووناکی” لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، کە وایکردووە بەشێکی زۆری هاووڵاتیان بۆ دەستکەوتنی کارەبای بەردەوام و کەمکردنەوەی خەرجیی مانگانە، ئەو سیستەمە لە ماڵەکانیاندا جێگیر بکەن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح