“ریال مه‌درید پێویستی به‌ شێوازێكی دیكه‌ی یاریكردنه‌”

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید ئاشكرای كرد، ئەگەری گۆڕانکاری لە “شێواز و سیستم”ـی یاریكردنی تیپه‌كه‌ی لە وەرزی نوێدا هه‌یه‌.

ئەنچیلۆتی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە گەشتی ریال مەدرید بۆ ئه‌مریكا، كه‌ ناوی “گەشتی پاڵەوانانی تۆپی پێ”ـی هەڵگرتووە، وتی، “دەتوانین ئەمساڵ بە شێوازێکی جیاواز یاریی بکەین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شێوازانەی کە لە ساڵانی رابردوودا پەیڕەومان کردووە، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سەرکەوتنی گەورەمان به‌ده‌ستهێنا”.

وتیشی، “بەڵام دەبێت ستایلێکی نوێ بدۆزینەوە، ئەوە تاقی دەکەینەوە، بە تایبەتی لە گەشتی ئەمریکادا، کە ساته‌وه‌ختی گرنگن پێش ده‌ستپێكردنی وەرزی نوێ”.

ئه‌نچیلۆتی پێی وایه‌ ،”گونجاندن لەگەڵ یاریزانەکان بۆ راهێنەر باشترە، لەوەی هەوڵ بدات ستایلێک بە زۆر بسه‌پێنێت”.

ریال مەدرید لەم هاوینەدا گه‌شتی ئه‌مریكا ده‌كات، له‌وێ كه‌مپی مه‌شقی و چوار یاریی دۆستانە ده‌كات، لە 23ی تەمووز بەرامبەر میلان لە کالیفۆرنیا، 26ی تەمموز بەرامبەر مانچێستەر یونایتد لە تەکساس، 29ی تەمموز بەرامبەر بارسێلۆنا هه‌ر لە تەکساس، دووی مانگی ئابیش بەرامبەر یۆڤێنتۆس لە فلۆریدا یاریی ده‌كات.