13 ساڵە چاوەڕێی کردنەوەی دەکەن
قوتابخانەیەک لە بازیان لەبری قوتابی کای تێکراوە
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
دانیشتووانی گەڕەكی سەرگرمەی بازیان 13 ساڵە چاوەڕێی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکەیانن، بەڵام چەند جارێک جێهێڵراوە و ئێستاش بووەتە کادێن و کەلاوە.
قوتابخانەكە 18 پۆلییە و ساڵی 2013 بەردی بناغەی دانراوە و قەول وابوو 2015 تەواو بکرێت و قوتابیانی پۆلی حەوت و هەشت و نۆ بچنە ناوی، هەرچەندە 95٪ـی کارەکانی تەواوبووە، بەڵام دیسان جێهێڵراوە و خەڵکی گەڕەکەکەش لەبری منداڵەکانیان، کا و ئالیکیان تێکردووە.
بەهار حسێن دانیشتووی گەڕەکەکە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “سێ جار لەکاتی تەواوبووندا وازیان لێهێناوە و ئێستاش هەرچی پیسایی و خۆڵ و خاشاک هەیە، تێیان کردووە و بووەتە کەلاوە”.
964 ئەو بابەتەی گەیاندە لای تارق رەشید قایمقامی بازیان، ئەو وتێ، تا ئێستا دوو بەڵێندەر هاتوونەتە سەر ئیشەکە و جێیانهێشتووە، ئەو گەڕەکە زۆر زەروورن بە قوتابخانەکە و بەشکم پەروردە و لایەنی پەیوەندیدار بێن بەدەمییەوە و هەرچی زووتر بەجۆرێک لە جۆرەکان تەواوی بکەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری