لە کاتی کێوماڵکردنی مۆڵگەکانی داعش

بۆمبى چێندراو تەقیەوە؛ لە کەرکوک عەمیدێک و سەربازێک کوژران

964+

کاروان ساڵحى- کەرکوک

بەیانی ئەمڕۆ لە کاتی کێوماڵکردنی شوێنی بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق لە سنووری کەرکوک، بۆمبێکی چێندراو بە هێزەکانی سوپادا تەقییەوە و بەهۆیەوە ئەفسەرێکی باڵا و سەربازێک کوژران و دوانی دیکەش بریندار بوون.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە کەرکوک بە 964ـى راگەیاند، رووداوەکە لە ناوچەی وادی زغیتون لە نێوان رەشاد و داقوق روویداوە، بۆمبەکە بە هێزێکی فەوجی سوپای عێراقدا تەقیوەتەوە و لە ئاکامدا ئەفسەرێک بە پلەی (عەمید) و سەربازێک کوژراون، هەروەها دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون.

سەبارەت بە هۆکاری چوونی ئەو هێزە بۆ ناوچەکە، سەرچاوەکە روونیکردەوە، دوێنێ فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16ـی سوپای ئاسمانیی عێراق، مۆڵگەیەکی چەکدارانی داعشیان لە وادی زغیتون بۆردومان کرد و دوو چەکداریان کوشت.

ئاشکراشى کرد کە بەیانی ئەمڕۆ ئەو فەوجەی سوپا بە مەبەستی کێوماڵکردنی شوێنەکە و هەڵگرتنەوەی تەرمی چەکدارە کوژراوەکانی داعش چوونەتە ناوچەکە، بەڵام لە کاتی گەڕاندا ئەو بۆمبە چێندراوەیان پێدا تەقیوەتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح