رۆژی جیهانی خواردنە چەور و بەناوبانگەکەیە

ئەحمەد عەبدوڵا

هەموو ساڵێک دووەم هەینی مانگی حەوت رۆژی جیهانی کەبابە.

کەباب خواردنێکی بەناوبانگی رۆژهەڵاتییە، تێکەڵەی قیمەی گۆشت و چەورییە، بە خوێ و بەهاراتی تایبەت خۆش دەکرێت و لە شیشی تایبەت دەدرێت و لەسەر خەڵووز دەبرژێندرێت.

لە کوردستان وا باوە دوای برژانی کەبابەکە لەگەڵ تەماتەی سوورەوەکراو و پیاز و نانی گەرم بکرێتە بابۆڵە و بخورێت، جا دوای تەواوکردنی بابۆڵەکە پەرداخێک دۆی ساردی بەسەردا دەکەن.

کەباب لە کوردستان خواستێکی زۆری لەسەرە گەورە و بچووک حەزیان لێیە، لە شارەکان کەبابخانەی زۆر کۆن و بەناوبانگ هەن کە تەمەنیان لە نێوان 70-90 ساڵە وەک کەبابخانەی یاسین و فاروق لە هەولێر، لە سلێمانیش کەبابخانەی عەباس ئەبو شوارب و خاڵە بەکر لە کۆنترینەکانن.

بە شێوەیەکی گشتی لە چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستان نرخی شیشێک کەباب لە نێوان 2 بۆ 6 هەزار دینارە و لەسەر عەرەبانەکان بە هەزار و 500 دینار دەست دەکەوێت.

پسپۆڕانی خۆراک کەباب بە باش و پێویست دادەنێن ئەگەر بەپێی پێویست بخورێت و رەچاوی پاک و خاوێنی بکرێت لە کاتی ئامادەکردنیدا.

لەشکر حەمید پسپۆڕی خۆراک، لە واڵی فەیسبووکەکەی بەمشێوەیە باسی سوودەکانی کەباب دەکات، “سوودە زۆرەکانی کەباب بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێکی زۆر لە پرۆتینی ئاژەڵی تێدایە لەگەڵ بوونی چەوری ئاژەڵ، پرۆتینەکەی بەشداردەبێت بۆ درووستکردنی ماسولکە وە چەورییەکەشی سەرچاوەی ترشە چەورییەکان و وزە و ڤایتامینەکانە، بەڵام نابێت زیادەڕەوی لە خواردنی بکرێت”.

کەباب خواردنێکی رۆژهەڵاتییە یەکەمجار لە کتێبی (التەبیخ)ی نووسەری عەرەب ئیبن سەیار ئەلوەرەق ناوی هاتووە کە لەسەدەی 10ی زاینی لە شاری بەغدا نوسراوە، کەباب جگە لە گۆشتی سوور دەکرێت بە گۆشتی مریشک یان ماسی ئامادەبکرێت و تورکیا بە یەکێک لە بەناوبانگترین وڵاتەکانی ئامادەکردنی کەباب بە شێوازی جیاواز دادەنرێت.