تەرمی گەنجە خنکاوەکەی گەرمیان نەدۆزراوەتەوە

20 مەلەوانی کارامە بەدوای تەرمی گەنجە خنکاوەکەدا دەگەڕێن

میلاد جەلال-گەرمیان

دوو رۆژە تیمەکانی بەرگری شارستانی گەرمیان بە دوای تەرمی ئەو گەنجەدا دەگەڕێن کە دوێنی لە روباری سیروان خنکا.

ئەو گەنجە تەمەنی 26 ساڵە و خاوەنی منداڵێکە دوێنی رۆشتبووە سەر روباری سیروان بۆ راوەماسی مەلەکردن، بەڵام نەگەرایەوە ناو خێزانی و لە ناو روبارەکەدا خنکا.

ئەمڕۆ هەموو تیمەکانی غەواسی گەرمیان رۆشتنە سەر روباری سیروان بۆ گەران بە دوای تەرمەکەیدا.

ئیبراھیم محەمەد- وتەبێژی بەرگری شارستانی گەرمیان بە 964ـی وت، لە ئیستادا 20 مەلەوانی کارامە رۆشتوونەتە ناو روبارەکە و بەردەوام دەبین لە گەڕان تا تەرمەکە دەدۆزینەوە.

وتیشی، لەو شوێنەی گەنجەکە خنکا مەلەوانەکان دەگەڕێن تا پردی گردەگۆزینە و تا ئیستا تیمەکانمان بۆ هیچ شتێک پەکیان نەکەوتووە، هەرکاتێک پێویستمان بە هاوکاری بێت داوای دەکەین.

پێداچوونەوە: شیرین ساڵح