کۆمەڵێک گەنجی گوندی بێستان سوور دەردەکەون کە خەریکی پڕکردنەوەی چاڵوچۆڵی رێگەی گوندەکەیانن وێنە:964+
بە عارەبانەیەک قیر سێ کیلۆمەتر چاڵ و چۆڵی رێگەی گوندەکەیان پڕکردەوە
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
گەنجانی گوندی بێستانسوور بەدرێژایی سێ کیلۆمەتر، بە قیر چاڵوچۆڵی رێگەی گوندەکەیان پڕکردەوە.
گوندی بێستانسوور دەکەوێتە ناحیەی عەربەت و ژمارەیان زیاتر لە 250 ماڵە، سەرچاوەی ئاوی لێیە و شوێنێکی گەشتیاریشە.
گەنجەکان زیاتر لە پێنج کەس دەبوون، پیاوێکی ریش سپی گوندەکەیان هاوکاری کردوون و کارگەیەکی قیر عارەبانەیەک قیری شلی پێداون تا بە خاکەناز چاڵ و چۆڵی رێگەکە پڕبکەنەوە.
ئەوان لە کاتژمێر 7:00ی بەیانی بۆ 12:00ی نیوەرۆ و بە پێنج کاتژمێر چاڵوچۆڵی ئەو رێگەیان نەهێشت.
ئەمرۆ پێنجشەممە 13.7.2023، حەمە شارەزووری کە سەرپەرشتی گروپەکە دەکات دەربارەی کارەکەیان بە 964ی وت، “وەک کارێکی چاکە و لە پێناو هاتوچۆی خەڵک و شۆفێران و هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی لە ئاستی ئەو کەموکوڕییە خزمەتگوزارییانەی لە گوندەکەمان هەیە، کارەکەمان ئەنجامداوە”.
ئەو گەنجە دەڵێت، “دانیشتوانی گوندەکەمان بە بەردەوامی بۆ کڕینی پێداویستی رۆژانە لە ناحیەکانی زەڕایەن و عەربەت و هەروەها پارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن، هەروەها هاوین و بەهاران خەڵکی چواردەوروبەری گوندەکە بۆ مەلەکردن سەردانی گوندەکە دەکەن”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی