لەژێر چاودێرى تەندروستى

گۆشتفرۆشێک لە سلێمانى: کیلۆیەک گۆشتى بەرخى کردە 16 هەزار

دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى

لەکاتێکدا یەک کیلۆ گۆشتى بەرخ لە زۆربەى گۆشتفرۆشەکانى هەولێر و سلێمانى بە 25 و 26 هەزار دینارە، گۆشتفرۆشێک لە سلێمانى نرخى کیلۆیەک گۆشتى بەرخى کردە 16 هەزار دینار.

یەحیا حاجى سەعدون کە خاوەنى قەسابخانەکەیە بە 964ـى وت،”کیلۆیەک گۆشتى بەرخم کردووە بە 18 هەزار، بەڵام لەبەر خاترى 964 کە هاتوون بە دەم کێشەى خەڵکەوە، لەمڕۆوە دەیکەم بە 16 هەزار دینار”.
بەوتەى یەحیا، هەر کیلۆیەک گۆشتى 16 هەزار دینار لەسەر خۆى دەکەوێت، بەڵام خێرەکەى لە دڵ و جگەرەکەیەتى کە جگەر هەیە نرخەکەى 45 هەزارە.
ئەو گۆشتفرۆشە، پێشتر رۆژانە 4 بەرخى سەربڕیوە و فرۆشتویەتى بەڵام لە دواى ئەوەى کردوویەتى بە 18 هەزار دینار، رۆژانە 10 بۆ 12 بەرخى سەربڕیوە و بۆ سبەینێ دەیکات بە 16 بەرخ.
لەبارەى گۆشتەکەشییەوە، وتى،”ئاژەڵەکانم لە کوشتارگەى سلێمانى سەردەبڕدرێن و مۆرى تەندروستى پێوەیە و لەژێر چاودێرى تەندروستى سلێمانییە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح