یەكەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە سلێمانی چاكبووەوە


ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی سلێمانی بڵاویكرده‌وه‌، ئەو هاوڵاتییەی هەفتەی رابردوو وەك یەكەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای سلێمانی تۆمار كرا، لە دوای وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە چاكبووەوە و رەوانەی ماڵەوە كرایەوە.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ كه‌مێك ئێستا له‌ فه‌یسبووكی خۆیان رایانگه‌یاند، یەكەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە پارێزگاری سلێمانی، ژنێكی تەمەن 45 ساڵانی خەڵكی شارۆچكەی چوارقوڕنە بوو، لە دوای وەرگرتنی چارەسەر و باشبوونی باری تەندروستی، ئەمڕۆ لە لایەن بەڕێوبەر و پزیشك و ستافی نەخۆشخانەی شار بە چەپكەگوڵ ماڵئاوایی لێكرا و رەوانەی ماڵەوە كرایەوە.

داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایانگەیاندبوو، لەوەتەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بڵاوبووەتەوە، 15 حاڵەت له‌ هه‌رێم تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەشدا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.

سەرچاوەکانی تەندروستی عێراقیش دەڵێن، هێشتا رێژەی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە عێراق لە خوار ئاستی جیهانییە.

تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵدا دەردەکەوێت و دواتر بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و مه‌ترسیداره‌.