لە عەربەت
لە یەک هەفتەدا چوار جار مۆلیدەی گەڕەکێک لەکارکەوتووە
گلۆپی ماڵەکانیشی سوتاندووە
+964
ئەحمەد مستەفا
دانیشتووانی گەڕەکی قەڵا لە عەربەت، بەدەست نەبوونی کارەبای مۆلیدە دەناڵێنن، مۆلیدەی گەڕەکەکەیان دووجار شکاوە و مۆلیدەی نوێش، کە هێناویانە لە کار کەوتووە.
گەڕەکی قەڵا لە ناحیەی عەربەت، ژمارەیان نزیکەی 100 ماڵە لە بەدیلی نەبوونی کارەبای حکومی لە یەک ئەمپێر بۆ شەش ئەمپێر کارەبایان لە مۆلیدەی گەڕەکەکەیان راکێشتووە.
بە گوێرەی سۆراغی 964، کارەبای حکومی بە پێی بەرنامەیەک لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی دەکوژێنرێتەوە و کاتژمێر 7:00ی ئێوارە هەڵدەکرێتەوە، ئێستا کە پلەی گەرما بۆ 42 پلە بەرزبووەتەوە، ئەو ماڵانە نیوەڕۆیەکان بە سەختی تێدەپەرێنن.
کامێرای چاودێری و گڵۆپ و کێبڵی کارەبای ماڵێک لە ئەنجامی بەرزونزمی و سووتان و لە کارکەوتنی مۆلیدەکە، سووتاون، زۆرینەی ماڵەکانیش گلۆپیان سووتاوە.
هەربۆیە رۆژی هەینی 8.7.2023 خەڵکی گەڕەکەکە بە خۆپیشاندان ناڕەزایەتیان دەربڕی، بەڵام پاش ئەو وادەیەش نەبوونی کارەبا و پچڕپچڕیی کارەباکەیان وەک خۆی ماوەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، زیاد کەمال سەرپەرشتیاری مۆلیدەی گەڕەکی قەڵا بە 964ی وت، “تا ئێستا دووجار مۆلیدەی گەڕەکەکەیان چاکردووەتەوە، بەڵام دووبارە شکاوەتەوە”.
بە وتەی زیاد بێت، ئەوان وەک چارەسەری بەپەلە دووجار مۆلیدەی نوێشیان وەک جێگرەوە هێناوە بەڵام، دیسانەوە ئەوانەش تووشی لەکارکەوتن بوونەتەوە، ئەوەشی وت، “لەهەوڵداین بە زووترین کات کارەبای گەڕەکەکە وەک پێشتر بەبێ گرفت دابین بکەینەوە”.