شەڕەکە هەر بە درۆن و موشەک نییە

ئەمریکا مافى پەنابەرى لە خزمان و کەسوکارى لاریجانى و سولەیمانى سەندەوە

964+

وریا فەتاح

شەڕی نێوان واشنتۆن و تاران تەنیا لە گۆڕەپانی سەربازی و موشەکدا نەماوەتەوە، ئەمجارەیان مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، “بۆمبێکی یاسایی” بە رووی ئەو کەسانەدا تەقاندەوە کە لە ئەمریکا دەژین و لەوێشەوە دژی ئەمریکا پڕوپاگەندە دەکەن.

چیرۆکەکە لە لۆس ئەنجلسەوە دەستپێدەکات، حەمیدە سولەیمانی ئەفشار، کە برازای قاسم سولەیمانی فەرماندەی کوژراوی فەیلەقی قودسە، لەو شارەی ئەمریکا دەژیا، بەڵام هەر لەوێشەوە لە سۆشیاڵ میدیا ستایشی سوپای پاسدارانی دەکرد و ئاهەنگی بۆ هێرشکردنە سەر سەربازانی ئەمریکی دەگێڕا.

هەربۆیە رۆبیۆ بڕیاریدا و دوێنێ شەو هێزە ئەمنییەکان حەمیدە و کچەکەیان دەستگیر کرد و مافی مانەوەی هەمیشەیییان لێ سەندرایەوە، ئێستاش لە دەستبەسەری دەزگای کۆچ و گومرگدان بۆ ئەوەی رەوانەی دەرەوە بکرێن. تەنانەت مێردەکەشی بۆ هەمیشە مافی چوونە ناو ئەمریکای لێ سەندرایەوە.

هەر تەنیا برازاکەی سولەیمانی نەبوو، تەورەکەى رۆبیۆ، بەر کچی عەلی لاریجانیش کەوت. فاتیمە ئەردەشێر لاریجانی و مێردەکەی، کە ئەوانیش بە “گرین کارت” لە ئەمریکا بوون، مافی مانەوەیان هەڵوەشایەوە و ناچار کران خاکەکە جێبهێڵن و بۆیان نییە جارێکی تر بگەڕێنەوە.