درێسەکانیان لە مۆزەخانەدا هەڵدەگیرێن
خانوو و پاسپۆرتى دیپلۆماسی؛ یاریزانانى هەڵبژاردەى عێراق خەنى دەکرێن
وریا فەتاح
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، حزمەیەک بڕیار و رێکاری نوێی بۆ رێزلێنان لە یاریزانان و ستافی کارگێڕی و هونەریی هەڵبژاردەی نیشتمانی راگەیاند، ئەمەش وەک پاداشتێک بۆ دەستکەوتە مێژووییەکەیان و گەیشتنیان بە کۆتاییەکانی مۆندیالی 2026.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: “بۆ بەرز راگرتنی ئەو دەستکەوتە مێژووییەی هەڵبژاردەی نیشتمانی بەدەستیهێناوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا رێز لە یاریزانان و ستافی راهێنەرایەتی و کارگێڕی بگرێت.”
بەپێى بەیاننامەکە، بڕیارە ئەم خاڵانەی خوارەوە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران بە فەرمی پەسەند بکرێن:
1- پێدانی خانوو: بەخشینی خانووی نیشتەجێبوون بە دیزاینێکی تایبەت لە کۆمەڵگەی (الرفیل) لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بە سەرجەم یاریزانان و ستافی راهێنەرایەتی و کارگێڕی.
2- پاسپۆرتی دیپلۆماسی: پێدانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی بە یاریزانان و ئەندامانی شاندەکە.
3- پوولی پۆستی: دەرکردنی پوولێکی پۆستی تایبەت کە ئەم دەستکەوتە مێژووییە لە یادەوەری نیشتمانیدا تۆمار بکات.
4- پەیکەر و جدارێی: دروستکردنی مۆنۆمێنتێکی نیشتمانی (پانۆراما) یان پەیکەرێکی یادگاری لە کورنیشی “ئەبو نوئاس” کە ناوی یاریزانان و مێژووی دەستکەوتەکەی لەسەر بێت.
5- ناونانی شەقام: ناونانی شەقامێکی سەرەکی لە بەغداد و هەموو پارێزگاکانی تری عێراق بەناوی “شەقامی شێرەکانی ڕافیدەین”.
6- مۆزەخانەی دەستکەوتەکان: دروستکردنی مۆزەخانە یان باڵێکی تایبەت لە بارەگای یەکێتی تۆپی پێ و شارە وەرزشییەکان، هەروەها بەشێکی تایبەت لە مۆزەخانەی کۆشکی حکومی بۆ دۆکیۆمێنتکردنی ناوی یاریزانان و درێس و وێنەکانی گەیشتن بە مۆندیال.
7- خولی دەرچوونی زانکۆکان: ناونانی خولی دەرچوونی ئەمساڵی هەموو زانکۆ و پەیمانگە حکومی و ئەهلییەکان بەناوی “خولی شێرەکانی ڕافیدەین”.
8- بەرهەمی هونەری: بەرهەمهێنانی گۆرانییەکی نیشتمانی تایبەت بە بەشداری کۆمەڵێک لە هونەرمەندان کە گوزارشت لەم سەرکەوتنە بکات.