عیماد بە دیار ماڵە سووتاوەکەیەوە دەڵێت: هەموو شت چوو

964+

شیراز عەبدوڵا – هەولێر

دڵتەنگ و بێتاقەت بە دیار ماڵە سووتاوەکەی دانیشتبوو، چەند جارێک لەبەر خۆیەوە دەیووت “هەموو شت چوو”.

عیماد یاسین خەڵکی شەنگالە، هەشت ساڵە لە کەمپی هەرشەمی شاری هەولێر نیشتەجێییە، خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە، لە ئاگرەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ماڵەکەی بە تەواوی سووتا.

عیماد بە 964ـی وت، “حەوت ساڵە کەسابەت دەکەم، بە کرێکاری ناوماڵێکم پێکهێنابوو، دڵم پێی خۆشبوو، زۆربەی پێداویستی و کەلوپەلەکانی ناو ماڵم هەبوو، بەڵام لە ماوەی کاتژمێرێکدا “هەموو شت چوو” هەمووی سووتا.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاگر لە کەمپی هەرشەم کەوتەوە، کە دەکەوێتە قەزای عەنکاوە، قایمقامی عەنکاوە، رامی نوری بە 964ـی وت، بە هۆی ئاگرەکەوە نزیکەی 16 کەرەڤانە سووتاون، هۆبەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر لیژنەیەک پێکدێنێت بۆ خەملاندنی زیانەکانی ئاگرەکە.

تیمەکانی بەرگریی شارستانی کە لە چەند بنکەیەکی جیاوازی هەولێرەوە هاتبوون، بە ماوەی کاتژمێک ئینجا ئاگرەکەیان کۆنتڕۆل کرد.

وتەبێڕی بەرگریی شارستانیی هەولێر سەرکەوت کاڕەش بە 964ـی وت، ئاگرەکە تەنیا زیانی مادی هەبووە، هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزانراوە.

کەمپی هەرشەم دەکەوێتە نزیک شەقامی 150 مەتری هەولێر، نزیکەی 150کەرەڤانە لەخۆدەگرێت، زۆربەی دانیشتوانەکەی  ئاوارەی دەشتی نەینەوا و شەنگالن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی