گەمارۆدانی دەریایی و شەڕە قسەی ترەمپ و بەرپرسانی ئێران بەردەوامە
دوێنێ شەو چی روویدا؟
گەمارۆدانی دەریایی و شەڕە قسەی ترەمپ و بەرپرسانی ئێران
964+
شۆڕش قادری
دوای گەمارۆدانی دەریایی ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هەر بەلەمێکی هێرشبەری ئێران لە کەشتییەکانیان نزیک ببێتەوە، تێکوپێکیان دەشکێنن.
ترەمپ وتیشی، ئێمە گەرووی هورمز بەکارناهێنین و پێویستمان پێی نییە، نەوت و غازمان زیاترە لەوەی پێویستمانە، رێگەش بە ئێران نادەین بەهۆی گەرووی هورمزەوە گێچەڵ بە وڵاتانی جیهان بکات.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس لەزاری چەند سەرچاوەیەک بڵاویکردەوە، ئەمریکا لە میانی دانوستانەکانی سەرەتای ئەم هەفتەیەدا کە لە ئیسلام ئابادی پاکستان بەڕێوەچوو، داوای لە ئێران کردووە بۆ ماوەی 20 ساڵ پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت.
بەپێی راپۆرتێکی بلومبێرگ و بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان، گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی خولێکی دیکەی دانوستانی راستەوخۆ بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەستێکی درێژخایەن، پێش تەواوبوونی ئاگربەستی دوو هەفتەیی.
جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە فۆکس نیوزی راگەیاند، ئاگربەست لە بەرامبەر ئازادی کەشتیوانیدا بووە، تارانیش دەبێت ئەرکەکانی خۆی بەپێی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات و لە ئێستادا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێران دایە.
حسێن مۆحێبی وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، “هێشتا زۆربەی توانا سەربازییەکانمان دەرنەخستووە و ئەگەر جەنگ بەردەوام بێت، بەشێوەیەک پیشانیان دەدەین کە لە خەیاڵی دوژمندا نییە”.
پارێزگاری هەولێر لیژنەیەکی بەمەبەستی تۆمارکردنی زیانە گیانی و مادییەکانی لێکەوتەکانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لە شاری هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێکهێنا.
وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، لەپێناو پاراستنی گیانی خوێندکارانی هەرێم کە لە ئێران دەخوێنن، بڕیاریانداوە ماوەی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان تاوەکو 1.5.2026 درێژ بکەنەوە.
درەنگانی شەوی رابردوو لەنزیک بینای کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە گوندی ئەڵمانی سلێمانی تەقە کرا و چیا حسێن بەڕێوەبەری کەناڵەکە بە 964ـی وت، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تاکسی لەبەردەم بیناکەمان دەستی کردووە بە تەقە کردن و هەڵاتووە.
هەر لەشاری سلێمانی و لەنزیک ناوگردان رووداوێکی هاتوچۆی سەخت لە نێوان سێ ئۆتۆمبێل روویدا و لە ئەنجامدا شۆفێرێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی ناوخۆی سعودیە رایگەیاند، رێوشوێنی توندیان لەسەر هەموو رێگا سەرەکییەکان گرتووەتەبەر و هەر کەسێک مۆڵەتی فەرمی پێنەبێت ناهێڵن بچێتە شارە پیرۆزەکان، ئەوەش بۆ ئەوەیە رێ لە حەجی قاچاخ و نایاسایی بگرن.