شارەوانیی گۆپاڵە
پارچە زەوی بە موزایەدە دەداتە فەرمانبەران
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
لە نووسراوێکیدا شارەوانی گۆپاڵە بڕیاری داوە 61 پارچە زەوی روکن و نایاب، بە شێوەی موزایەدە بدات بە فەرمانبەرانی شارەوانیی شارۆچکەی گۆپاڵە و فەرمانگەی ئاوی گۆپاڵە.
شارۆچکەی گۆپاڵە، لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای بازیانە لە پارێزگای سلێمانی.
لە نووسراوەکەی شارەوانیی گۆپاڵەدا هاتووە، هەرکەسێک ئارەزووی کڕینی ئەو زەوییانەی هەبێت، دەبێت %20ی پارەی چەکی بارمتەی یاسایی بخەوێنێت.
شارەوانیی گۆپاڵە دەڵێت، بڕیارەکە بە گوێرەی مادەی 14 لە خاڵی یەکەم، لە یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2021ی فرۆشتن و بەکرێدانی موڵکی شارەوانی، بڕیاریداوە ئەم زەویانە بفرۆشێتە کارمەندەکانی، بەو مەرجەی فەرمانبەرەکە پێشووتر سوودمەند نەبووبێت، بەمەش %80ی فەرمانبەرانی هەردوو فەرمانگەکە مەرجی چوونە ناو موزایەدەیان هەیە.
ئاوارە لەتیف، سەرۆکی شارەوانیی گۆپاڵە بە 964ی وت، “بە گوێرەی یاساکه، سەرۆکی شارەوانی دەتوانێت ئەم زەویانە بخاتە موزایەدەوە بۆ هاوڵاتیان یان فەرمانبەرانی فەرمانگەکانی دیکە، بەڵام من فەرمانبەرانی فەرمانگەکەی خۆم و فەرمانگەی ئاوم دەستنیشان کردووە و هەر پارچە زەوی بڕی 200 مەترە”.
بە پێی وتەی سەرۆکی شارەوانیی گۆپاڵە، ئەو زەویانە 62 پارچە بوون، بەڵام یەکێک لە زەوییەکان زیادەڕۆیی کراوەتە سەر و ئەوانیش کەیسەکەیان بردووەتە دادگا، بۆیە ئێستا تەنیا 61 پارچە زەوی دەخرێتە موزایدەوە.
شارەوانیی گۆپاڵە دەڵێت، ئەم موزایەدەیە دوای ئەوەی لە دوو رۆژنامەی فەرمی بڵاودەبێتەوە، دواتر بۆ ماوەی 30 رۆژ پێویستە فەرمانبەران پارەی چەکی بانکی بە بەهای %20 بخەوێنن ئەو کاتە موزایەدەکە ئەنجام دەدرێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی