بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر بۆ 964:

“شانۆی پیانۆ لە هەولێر نمایش دەکرێت بەڵام هێشتا کاتەکەی دیار نییە”

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر دەڵێت، شانۆی پیانۆ لە هەولێر نمایش دەکرێت، بەڵام تا ئێستا کاتەکەی دیار نییە.

درەنگانی شەوی رابردوو، پەیجی فەرمی شانۆی پیانۆ لە ئاگادارییەکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکی و لێکتێنەگەشتنی داوەتنامەکانی نمایشەوە، کە لۆگۆی حکومەتی هەرێم لەسەرەوەی پۆستەرەکە نەبوو، بەبڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری، نمایشی شانۆی پیانۆ لە هەولێر راگیراوە.

سیروان عوسمان بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر بە 964ـی وت، “کەسێک لەناو ستافی شانۆکە، هەڵەکەی کردووە، هەڵەکە راستکراوەتەوە و بەردەوام دەبن لە ئیشەکەیان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆڵ و شوێنی حەوانەوەیان بۆ تیمەکە دابین کردووە و هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەکیان دەکەن، کاتی پێشکەشکردنی شانۆکەش دەکەوێتە سەر بڕیاری دەرهێنەری شانۆکە.

شانۆی پیانۆ پێشتر لە شاری سلێمانی نمایش کراوە و قەراربوو ئەمڕۆ شەممە 5.9.2026 لە هەولێری پایتەختیش ئەنجام بدرێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری