شایەتحاڵێک باسی رووداوەکە بۆ 964 دەکات
“ئەو گەنجەی ئاگر لە دوکانەکەی بەربوو بە دوکەڵ خنکاوە”
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
شەوی رابردوو دوکانی بەنزین فرۆشێک لە نزیک دەروازەی باکووری خورماتوو ئاگریگرت و جگە لە سووتانی دوکانەکە و ئۆتۆمبێلێک، بەنزین فرۆشەکە گیانی لەدەستدا و هاوڵاتییەکی دیکەش برینداربوو.
ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی ئالان شکورە و تەمەنی 18 ساڵ بوو، عەبدولقادر ئەحمەد شایەتحاڵی رووداوەکە بە 964ـی وت، “لە کاتی کەوتنەوەی ئاگرەکە، ئەو گەنجە لەبەردەم دوکانەکەی بوو، رایکردە ژوورەوە و چووە پشتی دوکانەکەی بۆ ئەوەی زیانی پێنەگات، بەڵام بە دوکەڵی ئاگرەکە خنکا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و بەرگری شارستانی خورماتوو زوو گەیشتوونەتە شوێنەکە، بەڵام نەیانتوانیوە دەربازی بکەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری