رێگای وێڵەدەر کۆنکرێت کرا

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

دانیشتوانی گوندی وێڵەدەر رێگایەکی سێ کیلۆمەتری، کە شارباژێر بە سلێمانی دەبەستێتەوە، لەسەر ئەرکی خۆیان کۆنکرێت دەکەن.

ماوەی دوو ساڵە دانیشتوانی گوندەکە داوای قیرتاوکردنی ئەو رێگەیەیان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم کردووە و نەکراوە.

رێگاکە لەسەر ئەرکی خێرخوازان 25 هەزار دۆلاری بۆ کۆکراوەتەوە و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی تانجەرۆ هاوکاریان کردوون.

“رێگاکە بەسەر گردێکەوەیە، سەرەتا بەرزایی هەردوو دیوی گردەکە کۆنکرێت دەکەین و نزیکەی کیلۆمەترێک دەبێت و ئەوەی دیکەش دەهێڵینەوە بۆ قۆناغەکانی تر”، ئەوە قسەی سەرداری حاجی مارف، ئەنجومەنی گوندی وێڵەدەرە بۆ 964.

دەشڵێت، بە چاککردنی ئەو رێگایە فشار لەسەر تونێلی پێشڕەو کەمدەبێتەوە بۆ هاتوچۆ لەنێوان سلێمانی و شارباژێڕدا.

گوندی وێڵەدەر سەر بە ناحیەی تانجەرۆیە لە قەزای ناوەندی سلێمانی.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر