گوندی گردجوتیار. فۆتۆ: سۆشیال میدیا
گوندێک قوتابخانەی ئامادەیی نیە
شۆڕش هەرکی – هەولێر
،گوندی گردجوتیار رۆژ بە رۆژ ژمارەی دانیشتوان و قوتابیانی زیاد دەبێت و تا ئێستاش قوتابخانەی ئامادەی تێدا نییە، بەڕێوەبەری پەروەردەی دەوروبەری هەولێریش دەڵێت پارەیان نییە قوتابخانە دروست بکەن.
“ هەمووسالێک لە وەرزی خوێندندا کێشەی وەرگرتنی قوتابیانی گوندەکەمان دروست دەبێت، ئەمە قسەی موختاری گوندی گردجوتیارە.
فەهمی سلێوا بەڕێوەبەری پەروەردەی دەوروبەری هەولێر بە 964ی وت: هیچ بەرنامەیەکمان بۆ دروستکردنی قوتابخانەی ئامادەیی نییە، چونکە پێویستیمان بە پارەیەکی زۆرە، پەرۆشین بۆ دروستکردنی، بەڵام بارودۆخەکە روونە، تا ئێستا چەند قوتابخانەیەک هەن، چەندان ساڵیشە لەبەر نەبوونی پارە تەواونەکراون.
گۆران گەردی، موختاری گوندی گردجوتیار بە 964ی وت: ساڵانە زیاتر لە 200 قوتابی کچ و کوڕی ئامادەیمان هەیە، بەشێک لە قوتابخانەکان قوتابیەکانمان وەرناگرن، بە تایبەتی قوتابییە کچەکان، چەندین کچ هەیە، وازیان لە قوتابخانە هێناوە، چونکە کێشەی هاتوچۆیان هەیە، قوتابیەکانمان زۆربەیان دەچنە عەنکاوە و هەرشەم و بەحرکە.
گوندی گردجوتیار، سەر بە ناحیەی بەحرکەی پارێزگای هەولێرە، نزیکە لە قەزای عەنکاوە و ناحیەی بەحرکە، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی سێ هەزار کەس دەبێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا