سێ هەفتەیە لەو ئاستەدا وەستاوە

ئەم هەفتەیەش داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە لە حەوت ملیار دیناردا مایەوە

شۆڕش قادری

وا سێ هەفتەیە داهاتی نانەوتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەهەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕینەوە لە حەوت ملیار دینار تێناپەڕێت و لەو ئاستەد ماوەتەوە.

بەپێی نوێترین داتا و ئاماری ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی نانەوتیی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان لە رۆژی 15.8.2026ـەوە تا ئەمڕۆ هەینی 21.8.2026، حەوت ملیار و 178 ملیۆن و 790 هەزار و 659 دینارە، لەکاتێکدا هەفتەی پێشوو حەوت ملیار و 959 ملیۆن و 342 هەزار و 534 دینار بوو و هەفتەی پێشووتریش تەنیا حەوت ملیار و 567 ملیۆن و 216 هەزار و 446 دینار بوو.

لە داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، بڕی 5 ملیار و 870 ملیۆن و 520 هەزار و 109 دیناری بە شێوەی نەختینە و ملیارێک و 308 ملیۆن و 270 هەزار و 550 دیناریشی چەکە.

ماڵپەڕی شەفافییەت هەموو هەفتەیەک داهاتە نانەوتییەکانی هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین دەخاتەڕوو.

ئەو داهاتەی ماڵپەڕەکە ئاشکرای دەکات، لە دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، گومرگ، کرێی کێش و پێوەرەکان، پێبژاردن و سزای دارایی، پشکنینەکان، رسووماتی بەخشین، ژینگەی ئۆتۆمبێل، تابلۆ و داهاتی شارەوانییەکان، بەدەستهاتووە.