لە نەشتەرگەریکردن رانەگیراوین

نەخۆشخانەى رەسوڵى تایبەت: وتەکانى وەزارەتى تەندروستى تۆمەتن

وریا فەتاح

دوای کارەساتی گیانلەدەستدانی (سارا تەحسین) لە کاتی نەشتەرگەریدا و بڕیاری داخستنی شوێنەکەیان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە، نەخۆشخانەی رەسوڵی تایبەت لە هەولێر دێتە دەنگ و رەتیدەکاتەوە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری راگیرابن.

شێروان عەبدوڵا، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی رەسوڵی تایبەت، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هێرشی توندی کردە سەر لێدوانەکانی وەزارەتی تەندروستی و رایگەیاند: کارەساتی گیانلەدەستدانی ئەو کچە، کارەساتێکی دیکەی لێکەوتەوە کە بریتی بوو لە تۆمەت، زانیاریی نادروست و حوکمدانی پێشوەختە لەسەر نەخۆشخانەکەمان.

“ئەگەر هەڵەیەک هەیە با بیدۆزنەوە، ئەگەر کەمتەرخەمییەک هەیە با بەڵگە بخەنەڕوو. ئێمە ماوەیەک لەمەوبەر لەلایەن لیژنەی وەزارەتی تەندروستییەوە دەستخۆشیمان لێکراوە”. شێروان عەبدوڵا واى وت.

سەبارەت بەو قسەیەی وەزارەتی تەندروستی کە گوایە هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەکە قوفڵی لێدراوە و بەشێوەی نایاسایی و لە دەرگای پشتەوە نەخۆشەکەیان بردووەتە ژوورەوە، شێروان عەبدوڵا روونیکردەوە کە هیچ نووسراوێک نییە پێیان بڵێت نابێت نەشتەرگەری بکەن، وەک دەڵێت،”ئێمە پێنج هۆڵی نەشتەرگەریمان هەیە. سەبارەت بە بەشی چاودێریی چڕیش (ICU) ئێمە هەمانە، بەس ئەو رۆژە بەردەست نەبووە”.

بۆ سەلماندنی ئەوەی کە نەخۆشخانەکە لە کارکردن رانەگیراوە و وەزارەتی تەندروستیش ئاگاداری کارەکانیان بووە، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەکە ئاماری سێ مانگی رابردووی بڵاوکردەوە کە مانگانە بۆ وەزارەتیان ناردووە:

مانگی شەش: 494 نەشتەرگەری ئەنجامدراوە.

مانگی حەوت: 539 نەشتەرگەری ئەنجامدراوە.

مانگی هەشت : 558 نەشتەرگەری ئەنجامدراوە (راپۆرتی ئەم مانگە بەهۆی ئەم رووداوەوە هێشتا بۆ وەزارەت نەنێردراوە).

لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی رەسوڵ جەختی لەوە کردەوە کە سەرجەم لێدوانەکانی وەزارەتی تەندروستی “تۆمەتن”.