بۆ كێڵانی باخە

جوتیارانی هەڵەبجە بە تیروپشك تراكتۆری بچوكیان بۆ دەرچوو


محەمەد عومەر- هەڵەبجە

ئەمڕۆ 80 تراكتۆری بچوك بە تیروپشك بەسەر جوتیارانی هەڵەبجەدا بە خۆڕایی دابەش كرا.

بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵیی هەڵەبجە، بە یارمەتی رێكخراوێكی GIZی  ئەڵمانی 80 تراكتۆری بەسەر جوتیارانی هەڵەبجەدا دابەش كرد، تراكتۆرەكان لە جۆری باخدارین.

رێکخراوی GIZی ئەڵمانی رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە و لەسەر ئاستی جیهان خەریکی هاوکاریکردنە لەژێر ناوی “گەشەپێدان”.

لە تیروپشكەكەدا دوو هەزار 300 جوتیار لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەشداریان كرد، لە هەر گوندێك دە جوتیار ناویان تۆماركرابوو.

یەكێك لە مەرجەكانی ئەو جوتیارانەی كە دەبوو ناوی بچێتە تیروپشكەكەوە، دەبێت زەویەكەی لە سێ دۆنم و نیو كەمتر نەبێت و شوێنەكە بەكاربهێنێت.

ستار مەحمود بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە 964 وت، هەر گوندێك تراكتۆرێكی بۆ دابینكراوە و بەشێک لە گوندەكان بێبەشنەبوون لە تراكتۆرەكان بە هەرچوار ناحیەی قەزاكەوە.

هەر جوتیارێك تراكتۆرەكە وەردەگرێت، پێی وتراوە نەیفرۆشیت و دەبێت جوتیارەكانی دیكەش سوودی لێ ببینن.

نرخی ئامێرەکان لە نێوان 400 بۆ 900 دۆلارە.

تراكتۆرەكە بچكۆڵەیە، بەدەست كاری پێدەكرێت، دوو تایەی بچوك و مەكینەیەكی لەسەرە، بۆ كێڵانی نێوان دارەكان بەكاردێت و گاسنێكی بچكۆڵەی پەروانەی لەسەرە، پێنج لیتر بەنزین دەگرێت و بە شێوەی ئۆتۆماتیکی كار دەكات.

پێداچوونەوە: كوردستان ئەحمەد