بزانە هەفتەی پێشوو چەند بوو و ئەم هەفتەیە چەندە؟

داهاتی نانەوتی سلێمانی و هەڵەبجە بۆ نزیکەی نیوە دابەزیوە

964+

شۆڕش قادری

ئەم هەفتەیە داهاتی نانەوتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەهەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕینەوە، بۆ نزیکەی نیوە دابەزیوە.

بەپێی نوێترین داتا و ئاماری ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی نانەوتیی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان لە رۆژی 1.8.2026ـەوە تا ئەمڕۆ هەینی 7.8.2026، تەنیا حەوت ملیار و 567 ملیۆن و 216 هەزار و 446 دینار بووە، لەکاتێکدا هەفتەی پێشوو 13 ملیار و 595 ملیۆن و 796 هەزار و 370 دینار بوو.

لە داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، بڕی 5 ملیار و 239 ملیۆن و 942 هەزار و 855 دیناری بە شێوەی نەختینە و دوو ملیار و 327 ملیۆن و 273 هەزار و 591 دیناریشی چەکە.

ماڵپەڕی شەفافییەت هەموو هەفتەیەک داهاتە نانەوتییەکانی هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین دەخاتەڕوو.

ئەو داهاتەی ماڵپەڕەکە ئاشکرای دەکات، لە دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، گومرگ، کرێی کێش و پێوەرەکان، پێبژاردن و سزای دارایی، پشکنینەکان، رسووماتی بەخشین، ژینگەی ئۆتۆمبێل، تابلۆ و داهاتی شارەوانییەکان، بەدەستهاتووە.