ئاگرەكەی دەشتی بیتوێن

سەدان دۆنمی پوشی سوتاند و كۆنترۆڵكرا

964+

مەجید بیتوێنی

دوای شەش كاتژمێر ئاگرەكەی دەشتی بیتوێن كۆنترۆڵكرا، 200 عارەبانە كا و سەدان دۆنم پوش و پەڵاشی سووتاند.

كاتژمێر 9:00ـی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، جوتیارێك لە نێوان گوندی گردەجان و قەرەنی ئاغا وەیسی، ئاگردەكاتەوە بۆ ئەوەی پوش و پەڵاشی دەوری باخەكەی بسوتێنێت، بەهۆی رەشەباوە ئاگرەكە تەشەنە دەكات و دەگاتە دەشتی بیتوێن.

سەرلەبیانی ئەمڕۆ، رەشەبایەكی زۆر هەبوو لە دەشتی بیتوێن، بۆیە ئاگرەكە زۆر تەشەنەی كرد، سەدان دۆنم پوش و پەڵاش سوتاو 200 عەرەبانە كاش سووتا.

رائید یاسین محەمەد، ئەفسەر لە بەرگری شارستانی راپەڕین  بە 964ی وت، ئاگرەكەیان بەزەحمەت كۆنترۆڵكردووە، دوای ئەوەی زیانی بە چەند باخ و ڤێلایەکی ناوچەكە گەیاند.

ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبوو، بەڵام زیانێکی زۆری بە مەڕدارەکان وجوتیارانی ناوچەکە گەیاندووە.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد