شوانکارێک بە مادەی 4ـی تیرۆر دەستگیرکرا

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

ئاسایشی نیشتمانی شوانکارێک بە تۆمەتی ئەوەی کە چەکداری داعش بووە لە گوندێکی سنووری ناحیەی لەیلان دەستگیرکرد.

ئەو شوانکارە کە تەمەنی 24 ساڵە، لە گوندی تەرجلی سەر بە ناحیەی لەیلان ئەمڕۆ پێنجشەممە 6.7.2023، لەلایەن ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە دەستگیرکراوە بە تۆمەتی ئەوەی چەکداری داعش بووە.

بەپێی بەدواداچوونی 964، ماوەی چەند ساڵێکە لەو گوندە شوانکارە، ماوەیەکیش پێش ئێستا برایەکی بە هەمان مادەی 4ـی یاسای تیرۆری عێراقی دەستگیرکرا بوو.

گوندی تەرجل سەر بەناحیەی لەیلانە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری کەرکوک بە دووری 19 کیلۆمەتر و دانیشتووانەکەی لە نەتەوەی کوردن و بەکاری کشوکاڵی و ئاژەڵداری سەرقاڵن.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بنکەی پۆلیسی لەیلان بە 964ـی وت، ئەو شوانکارە بە رەچەڵەک خەڵکی ناحیەی ریازی سەر بە قەزای حەویجەیە و  لەدایکبووی ساڵی 1999ـیە.

سەرچاوە ئەمنیەکە دەشڵێت: بەپێی زانیارییە بەردەستەکان بەر لە ساڵی 2017 پەیوەندی بە ریزەکانی رێکخراوی داعشەوە کردووە لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی کەم، پاش نەمانی دەسەڵاتی داعش سەرقاڵی کاری شوانکاری بووە لای بنەماڵەیەکی کوردی گوندی تەرجل.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق