15یان بەهۆی فیوڵ پەمپەوە

ئەمساڵ 168 ئۆتۆمبێل لە هەولێر سووتاون

964+
شیراز عه‌بدوڵا – هه‌ولێر

له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا 168 ئۆتۆمبێل لە هەولێر سووتاون، كه‌ 15یان به‌ هۆی فیوڵ په‌مپه‌وه‌ بووه‌.

سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە 964ی وت، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 168 ئۆتۆمبێل لە هەولێر سووتاون، لەو ژمارەیەدا 15 ئۆتۆمبێلیان بە هۆی کێشەی فیول پەمپەوە بووە .

هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە لە ئۆتۆمبێلەکاندا، خراپیی کوالێتی جۆری ئەو بەنزینه‌یه‌ لە بەنزینخانەکان به‌ شۆفێران دەدرێت، كه‌ ژەنگ بۆ فیول پەمپەکان دروست دەکات، هه‌روه‌ها شۆرتی کارەبایی یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ هۆكاره‌كانی سووتانی ئۆتۆمبێل، هۆکاری دیكه‌ش بۆ نزمیی کوالێتی فیول پەمپەکان دەگەڕێتەوە .

وەستا خەیڕوڵا فیول پەمپچی، 30 ساڵە لە ناوچەی پیشەسازیی باکووری هەولێر، کاری گۆڕین و چاککردنەوەی فیول پەمپی ئۆتۆمبێل دەکات .

ئه‌و بە 964ـی وت، “تەنیا لە مانگی شەشی ئه‌مساڵدا زیاتر لە 200 شوفێر بەهۆی تێکچوونی فیول پەمپی ئۆتۆمبێلەکانیان سەردانیان کردووە، زۆرترینیان شوفێرانی ئۆتۆمبێلی جۆری تاکسی بوون، چونکە لە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان زیاتر دەگەڕێن” .

ئێستا لە ناوچەکانی پیشەسازی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، چەندان جۆری فیول پەمپ دەفرۆشرێن (چینی، کۆری، ئەمریکی و ژاپۆنی) نرخی فیول پەمپەکان بە پێی جۆری کوالێتیەکەیەتی، لە 10 هەزارەوە دەستپێدەکات تا 150 هەزار دینار.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا