چیرۆکی رووداوەکە چۆن بوو؟

کەسێک گیانی لە دەست دا و پێنجی دیکەش برینداربوون

+964
ئاسۆ وەرتی – سۆران

پێنج كه‌س له‌ سیده‌كان، كه‌ خزمێكیان به‌ رووداوی هاتوچۆ به‌ سه‌ختی بریندار بووه‌ و له‌گه‌ڵیدا به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ی سۆران هاتوون، له‌ رێگه‌دا ئه‌وانیش دووچاری رووداوی هاتۆچۆ بوون و بریندار بوون.
ئێواره‌ی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ لە کوێستانەکانی لۆلانی دەڤەری سیدەکان، ئۆتۆمێبلک لە جۆری پیکاب دێر هەڵدەدێرێت، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بە سەختی بریندار دەبێت و دوای گەیاندنی بە نه‌خۆشخانەی سۆران گیانی له‌ ده‌ست دا.
به‌ڵام له‌ رێگه‌ و پێش گه‌یشتنی به‌ نه‌خۆشخانه‌، پێنج كه‌سی دیكه‌، كه‌ له‌ ئۆتۆمبێلێكی دیكه‌ بوون و یاوه‌ری برینداره‌كه‌یان كردووه‌، لە گوندی بادلیانی سەر بە ناحیەی دیانە ئۆتۆمبێله‌كه‌یان، كه‌ لە جۆری پیکابه‌ و ژمارەی وەزارەتی پێشمەرگەی له‌سه‌ره‌، له رێڕەوی رێگه‌ لادەدات و سەرجەم سەرنیشینەکانی بریندار دەبن.
ئه‌وانه‌ی بریندار بوون، خزمە نزیکەکانی ئه‌و كه‌سه‌ن، كه‌ گیانی له‌ ده‌ست دا.
د. ئازاد ساڵح بەڕێوبەری کارگێریی نەخۆشخانەی ئاشتیی سۆران بە 964 ی وت، ” سەرجەم بریندارەکان چارەسەری تەواویان بۆکراوە، ئێستا دۆخی برینداران جێگرە، هه‌روه‌ها تەرمەکەش رادەستی کەسوکاره‌كه‌ی کراوە”.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ی گیانی له‌ ده‌ست دا، پێشمەرگەیە و خێزاندارە و تەمەنی 58ساڵه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا