خۆی لە ناو دڵ و رۆحی رووداوەكاندا بوو

بیرەوەرییەکانی دکتۆر مەحموود تاڵ و شیرین دوور لە رق و مەرایی

ژووری هەواڵ

نووسەر و رۆژنامەنووسی دیار، کەمال رەئوف لەبارەی کتێبی بیرەوەرییەکانی دوکتۆر مەحموودـەوە ئەمەی نووسیوە؛

دواجار دکتۆر مەحمود عوسمان، بڕیاریدا بیرەوەرییەكانی لەسێ بەرگدا كۆبكاتەوە، بەرگی یەکەم لە ساڵانی 1938 ەوە تا 1991، بەرگی دووەمی لە 1992ەوە بۆ 2003 و بەرگی سێیەمیشی لە 2004 وە بۆ 2015، بە گشتی بە هەر سێ بەرگەكە 1113 لاپەڕەیە.

دکتۆر هەوڵی داوە بیرەوەرییەكانی بە زمانێکی سەردەمیانەی سادە، دوور لەكینەو مەرایی، بخاتە پێشچاوی خوێنەران، لەوەش گرنگتر، هەوڵی داوە بە ئامانەتییەکی زۆرەوە بیرەوەرییەكانی بنووسێتەوە، بۆیە کە مرۆڤ دەیخوێنێتەوە، دەتوانێت دیمەنكانی ناو ڕووداوەکان ڕوونتر ببینێت.

بەداخەوە تا ئێستا بەرگی یەکەمم خوێندۆتەوە كە 370 لاپەڕەیە، دیارە بۆچوونەکانیشم لەسەر ئەو بەرگەیە كە باسی ڕووداوگەلێکی زۆر هەستیارو باسی ئەو مێژووە دەكات كە بۆ زۆرێك گرنگە، چونكە بەداخەوە ئەو میژووە و ڕووداوەکانی زۆر لایەنی تائێستا بە ناڕوونی ماوەنەتەوە، بۆیە گرنگە کە لە قەڵەمێكی ئەمین و بێلایەن، یان شایەتحاڵێکی ڕووداوەکان بنووسرێتەوە.

مێژووی بەرگی یەکەم، نیو سەدەیە، زۆر رووداوی گرنگ هەیە كە لەو ماوەیەدا رویانداوە، قسەو باسێكی زۆری لەسەرە، هەندێک ویستویانە هەمووی رەش نیشان بدەن هەندێكیش ویستویانە تەنها لایەنە جوانەكان بخەنە روو، بە تایبەت لە باسکردنی چۆنیەتی سەرهەڵدانی ناكۆكییەكانی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی کوردستان لە ساڵانی شەستەکاندا و دواتر هەردوو باڵی جەلالی و مەلایی، بابەت و نوسنی زۆر دژ بە یەک هەیە، یان لە دەستپێکردنی گفتوگۆكانی نێوان شۆرش و رژێمی ئەو کاتەی بەعس لە سەرەتای حەفتاكان تا هەرەسهێنان..

دکتۆر مەحمود بە هۆی ئەوەی كە خۆی لە لاوێتیدا راستەوخۆ بەشدار بووە و دواتریش بووەتە یەكێك لەو سەركردانەی كە لە ناو دڵ و ڕۆحی روداوەكانی سەردەمە هەستیارەكان بووە، بۆ نوسینەوەی بیرەوەرییەكانی كەمتر پشتی بە گێڕانەوەی قسەی كەسی سێهەم بەستووە، زیاتر ئەو روداوانە باس دەكات كە خۆی راستەوخۆ تێیدا بەشدار بووە، جگە لەوەش بیرەوەریەكان بەجۆرێك نووسراوە كە بە تەواوی ئەو هەستە لای خوێنەر دروست دەکات كە ئەو مەبەستی نییە خۆی وەك پاڵەوان نیشان بدات، بە پێچەوانەوە، لە زۆر شوێندا رەخنە لەهەڵوێستی خۆی و هاوڕێکانیشی دەگرێت، بە تایبەت لەسەر تیرۆرکردنی سەرکردە و ئەندامانی حیزبی دیموكراتی ئیران كە لە لایەن پارتی دیموكراتەوە لەسەردەمی شای ئیراندا رویانداوە، لەوانە دیدی دکتۆر بۆ شەهیدکردنی سڵیمانی موعینی جگەلەوەی وەك تیرۆر باسی دەكات و دەڵێت بە داخوازی ساواكی ئیران بووە، ئاماژە بەوەش دەكات كە بەشێکی زۆر لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئەوكاتە ئاگاداری تاوانەکە نەبوون.

دکتۆر مەحمود لە باسی مەلا مستەفادا بوێرانە تیشك دەخاتە سەر لایەنە جوان و ناشیرینییەکان، ئەو نەیویستوە كەس لەخۆی رازی بكات، بۆیە هەردوو دیوەكە، تاڵ و شیرین پێکەوە باس دەكات و خۆی پاراستووە لەكینەو مەرایی، بۆیە خوێنەر دەباتە ناو دۆخێكەوە وەك ئەوەی سەیری فلیمێكی دۆکیومێنتاری ئەو مێژووە بكات. لەباس كردنی سەرهەڵدانی کێشەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی و مەلامستەفا، چەند دیمەنێك دەخاتە روو، كە دەکرا ئەو رووداەوە تاڵانە هەرگیز ڕوویان نەدابایە، هەڵە و هەڵوێستە جوانەكانی سەركردەكان تاک تاک دەخاتە روو، هەوڵەكانی ئاشتی بۆ ڕوونەدانی ئەو رووداوانە دەخاتە روو، بە کورتی ئەوەی ئەو دەیەوێت بەخوێنەر بڵێت، بەشێکی زۆری شکستەکانی شۆرشەكان بە هۆی ئەو ناتەبایی و ململانێوە بووە،پاشان ئەو دۆخە دەبەستێتەوە بە ڕووداوەکانی شەڕی ناوخۆی دوای ڕاپەڕین و تەبا نەبوونی ئێستای پارتی و یەکێتیش، دەبەستێتەوە بە درێژەبوونەوەی ئەو دژیەكییەو بەشێکی زۆری پەیوەستی دەکات بەم پاشخانە سیاسییەوە كە سەركردەكان نەیان توانیوە دوایی 60 ساڵ هێشتا لەو دۆخە دەرچن.

لە گەشتەکانی مەلا مستەفا بۆ ئیران و ئیسرائیل کە خۆی زۆربەی كات یاوەریی بووە، لەگفتوگۆكانی لەگەڵ سەددام، باسی توانا و زیرەکیی مەلامستەفا دەكات، بەڵام بێبەشیشی ناكات لە ڕەخنەکانی و نیشاندانی کەموکوڕییەکان. ئەو دەیەوێت بێ ئەوەی بەراوردكاری بكات، بە سەرکردەکانی ئەمڕۆ، باسی كۆمەڵایەتی بوونی مەلامستەفا دەكات کە چۆن بەردەوام لە ناو خەڵكدا بووەو گەرمیان و كوێستانی کردووە و ویستوویەتی لەگەڵ هەموو چین و توێژەکان وتووێژ بکات، ڕاشکاوانە باس لە گفتوگۆكانی نێوان بەغدای ئەوكاتەو پارتی و لایەنەكانی تردەكات کە چۆن زۆر جار کەوتوونەتە داوی ئەوانەوە و بەردەوام کورد بە یەک نەبوونی گفتوگۆیان كردەوە و ئەوەش خاڵی لاوازی لایەنی کوردی بووە.

کاتێک باسی 11ی ئازارو پەیوەندییەکانی خۆیان و ئیسرائیل و شای ئیران و ئەمریكا و روسیا دەكات، زۆر بە ئازارەوە باسی ئەوە دەكات كە ئەوان بەردەوام دەرگایان بە ڕووی کورددا داخستووە و وەك كارتی گوشار مامەڵەیان لەگەڵ شۆرش و خەباتی کورددا کردووەو کوردانیش بەردەوام لە ناو خۆیاندا هەر ناكۆك و دژ بە یەک بوون، تەنانەت بەشێك لەو ڕۆژنامەنووسە بیانیانەش كە دۆستی کورد بوون و هاتوونەتە ناوچەكە ئەم چیرۆکە ناخۆشانەیان لەزاری مەلا مستەفاوە بۆ باس كراوەو لایەنەكان قسەی توندیان لەسەر یەکتری کردووە.

کاتێک دێتە سەر مام جەلال، باسی رۆڵی گەورە و توانا و ئیرادەی بەهێز دەكات، لەزۆر شوێنی بیرەوەریەكان باسی مام جەلال دەكات بەو کاتانەشەوە كە لە ناو سەرکردایەتی پارتیدا و دواتریش لە شۆڕشی نوێدا، ئەو وا نیشان دەدات كە مام جەلال هەمیشە لەگەڵ ئاشتی بووەو دژی شەڕ بووە، بەڵام کە دێتە سەر باسی سەردەمی بەکرەجۆ ئەویش بێ بەش ناكات لە ڕەخنە و سەرنجەكانی ئەو قۆناغە و بە هەڵەی گەورە و كوشندەی دەداتە قەڵەم.

رەنگە ئەمە یەکێک بێت لە گرنگترین یادداشت و نووسین بۆ ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە، بۆیە گرنگە بۆ هاوتەمەنەکانی ئێمە كە ئەو سەردەمانە بە هۆی تەمەنەوە بێئاگا بووین لەڕووداوەکانی ساڵانی شەستەكان، ئەم بیرەوەرییە بە تایبەت بەرگی یەکەم بە وردی بخوێننەوە.

کەمال رەئوف