ژمارەیەک چەکداری حوسی - فۆتۆ: REUTERS
فەرمانی زەیدییە
عێراق بڕیاری داخستنی نوسینگەکانی حووسییەکان دەردەکات
ئەحمەد مستەفا
کەناڵی الحرة بڵاوی کردەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیارێکی فەرمی بۆ داخستنی نوسینگەکانی گروپی حووسییەکان لە عێراق دەرکردووە و هەنگاوی دیکەش بۆ دەرکردنی کەسایەتییەکانی لە وڵات دەگرێتەبەر.
بەپێی ئەو زانیارییانە، بڕیارەکە هەروەها گرتنەبەری رێکار بۆ دوورخستنەوەی ئەو کەسایەتییانە دەگرێتەوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە عێراق دەژین و هەماهەنگی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا دەکەن.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدا روودەدات کە سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ یەکەم جار سەردانی فەرمی عەرەبستانی سعودی کرد، سەرچاوە ئاگادارەکان ئەم هەنگاوە بە دۆخی هەستیار و گرژییەکانی ناوچەوە بەستووەتەوە، بە تایبەتی لەگەڵ هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر ناوەندە نەوتی و مەدەنییەکانی سعودی.
هەروەها، ئەم بڕیارە دوای سەردانی خالید حەمیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سعودی، بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق دێت. ئەو کۆبوونەوەیە بە هەوڵەکانی رێگریکردن لە گرژیی نوێ و کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە پەیوەست کراوە.