پۆلیسی راپەڕین:
“کەسێکمان دەستگیرکرد لە سناپچاتەوە بەناوی دوعا و نوشتە کچانی هەڵخەڵەتاندووە”
کاکەلاو عەبدوڵا
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، کەسێکیان بەتۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی کچان دەستگیرکردووە کە لەرێی سناپچاتەوە دوعا و نوشتەی هاوسەرگیری بۆ کچان کردووە و ئامانجی هەڵخەڵەتاندیان بووە.
لە راگەیاندراوێکدا پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، ئەو کەسە کە بە رەگەز سوورییە، لە ئەکاونتێکی سناپچات بانگەشەی ئەوەی دەکرد بە دوعا و نوشتە دەتوانێت “هاوسەرگیری بۆ کچان ئاسان بکات” ، بەڵام سەرجەم بانگەشەکانی “دووربوون لە راستی و لەبنەڕەتدا بۆ مەرامی جنسی هەڵیان دەخەڵەتێنێت.”
پۆلیسی راپەڕین دەشڵێت، “هەر دوای ئاگادارکردنەوەمان لەو بابەتە، هێزەکانمان توانیویانە بە کەمتر لە 24 کاتژمێر ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بکەن و دەست بگرن بەسەر ئەو ئەکاونتە سناپچاتەی کچانی پێهەڵخەڵەتاندووە.”
ئەوەش هاتووە، تۆمەتبار لە بەردەم دادوەردا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بەپێی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی ئێستا راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەردەوامە.