پۆلیسى گەرمیان:

ئۆتۆمبێلێکى پۆلیس بە 8 زیندانییەوە تووشى رووداوى هاتوچۆ بوو

964+
میلاد جەلال- گەرمیان

ئۆتۆمبێلێکی مەفرەزەی پۆلیسی گەرمیان کە 8 زیندانی دەگواستەوە بۆ شاری سلێمانی، لەسەر رێگای دەربەندیخان تووشی رووداوی هاتوچۆ بوو، بەڵام سەرجەم سەرنشینەکانی سەلامەتن.

سۆران حەمە غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە 964ى راگەیاند؛ لە کاتی گواستنەوەی 8 زیندانیدا لە گەرمیانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی سلێمانی، ئۆتۆمبێلی مەفرەزەی پۆلیسەکانمان لەسەر رێگای دەربەندیخان – زەڕایەن و لە نزیک گوندی (سیارە) تووشی رووداوێکی هاتوچۆ بوون.

سەبارەت بە چۆنییەتی رووداوەکە، وتەبێژی پۆلیس روونیکردەوە: “مەفرەزەکە ویستوویانە لەسەر رێگاکە بەسەر رێگا خۆڵەکەدا بڕۆن، لەو کاتەدا ئۆتۆمبێلێکی دیکە خۆی بە ئۆتۆمبێلەکەی پۆلیسدا کێشاوە”.
لە بارەی زیانەکانیشەوە، سۆران حەمە غەریب دڵنیایی دا کە لە رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، هەر سێ کارمەندەکەی پۆلیس و هەر 8 زیندانییەکەش سەلامەتن و هیچیان بەسەر نەهاتووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح