بڕیارێک لە دادگای کارگێڕی سلێمانییەوە
هاوڵاتییانی شارەکانی عێراق و بیانی شوقە و خانوویان بەناو ناکرێ
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای کارگێڕی سلێمانی فەرمانێکی پارێزگاری پێشووتری سلێمانی ئاسۆ فەرەیدوون-ی هەڵوەشاندەوە، کە رێگەی دەدا دانیشتووی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و کەسانی بیانی لە سلێمانی خانوو و شوقە بکرێت بە ناویانەوە.
هەریەک لە ئومێد حەمەرەشید، بەناز محەمەد و شوانە عەبدوڵا، سکاڵاکاری سەر فەرمانەکەی پارێزگاری پێشووتری سلێمانی بوون، کە دۆسییەکە بە ژمارە (57/ك/2026) لە دادگا تۆمار کراوە و دادگاکە بڕیاریداوە بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی کارگێڕیی ژمارە (6448)ی پارێزگاری پێشووتری سلێمانی، کە 6.6.2016 دەرچوو بوو.
نوسراوە هەڵوەشێندراوەکە، کە رێگەی بە تۆمارکردنی شوقە و خانوو بە ناوی هاوڵاتییانی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقی و بیانی دەدا، بە هەمان شێوەی هاوڵاتیانی سلێمانی، وەک هەنگاوێک کە بە ئامانجی گەشەپێدانی بواری گەشتیاری و ئابووری ناسێنرابوو دەرچوێندرابوو.
بەڵام دادگا هەڵیوەشاندەو و دەڵێ، بڕیارەکەیان بۆ پاراستنی ناسنامە و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کوردستان دەزانن و پێیان وایە فەرمانەکە دەتوانی کاریگەری لەسەر پێکهاتەی دانیشتوانی ناوچەکە هەبێت، لە حاڵێکدا پێشتر کۆچی بە لێشاو هەبووە بۆ پارێزگاکە.
دادگاکە پشتی بەستووە بە ماددەی (23/سێیەم/ب)ی دەستووری عێراق و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بە ژمارە (65/ئیتحادی/2013) کراوە، کە بە پێی لایەنی بانگەشەکەر، پەیوەندییان بە قەدەغەکردنی گۆڕانکاریی دیمۆگرافییەوە هەیە و وەک پاڵپشتی یاسایی دادگای کارگێڕی پشتی پێ بەستووە.
دەقی نوسراوەکەی دادگای کارگێڕیی سلێمانی؛