بینایەکی نوێ دروست دەکات
هاتوچۆی سلێمانی قەرەباڵغی کەمدەکاتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
هاتوچۆی سلێمانی پلانی داناوە، لە بەشی رۆژهەڵاتی شارەکە بینایەک بۆ بەرێوبەرایەتییەکەی بکاتەوە، تا ئێستا تەنیا نەخشەکەی ئامادەیە.
ئەم بەشە دەبێتە جێگرەوە بۆ مامەڵەی ئەو هاوڵاتیانەی لە گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی سلێمانی و ناوچەکانی (قەرەداغ، عەربەت، شارەزوور، دەربەندیخان و سەیدسادق و ئیدارەی گەرمیان) مامەڵەیان دەکەوێتە بەڕێوبەرایەتییەکە.
بە گوێرەی سۆراغی 964، کە زانیاری لە کەسانی نزیک لە ئامادەکاری پرۆژەکە دەستکەوتووە، بینای ئەم بەشە دەکەوێتە سنووری گوندی خەراجیان لە ناحیەی عەربەت، 18 کیلۆمەتر لە باشووری سلێمانیەوە دوورە.
هاتوچۆی سلێمانی داوای 20 دۆنم زەوی بۆ پرۆژەکە کردووە، نەخشەکەی ئامادەکراوە و ماوەتەوە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی شارەوانی و هاتوچۆی هەرێمی کوردستان رێکارەکانی کردنەوەی بەکۆتا بگەیەنن.
964 پەیوەندیکرد بە بەهمەن عەبدوڵا وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی، بەهۆی دۆخی تەندروستیەوە نەیتوانی زانیاری بدات، هەروەها بەختیار محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن لە هەمان بەڕێوەبەرایەتی، پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.
یەکێک لە هۆکارەکانی کردنەوەی ئەو بەشە زۆریی سەردانیکردن و مامەڵەی شۆفێرانە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆ، کە ئێستا لە ناحیەی تاسڵوجەیە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی