150 مەتر دەڕوا
وەستایەک لە شارەکانی کوردستانەوە داوای دروستکردنی تیروکەوانی لێ دەکەن
عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ
وەستایەک لە چەمچەماڵ چوار ساڵە خولیای دروست کردنی تیروکەوانی هەیە و ئێستا باشترین جۆری لێ دروست دەکات و داواکاری تایبەتی لەسەر هەیە.
تیروکەوانەکان وەک هێمایەک بۆ رەسەنایەتی و مۆدێرن دروست دەکرێن، ئەو کەسانەشی داوای دەکەن کەمن.
ئاسۆ نەجات وەستای تیروکەوان بە 964ی وت، هەر لە مناڵیەوە لەگەڵ باوکم لە دوکانی دارتاشی حەزم بە کەسابەت هەبوو، دوای بەردەوامی پێدان، ئەوە ماوەی چوار ساڵ دەبێ توانیم خولیای مناڵیم بەدی بهێنم، ئەوەش بە دروستکردنی تیروکەوان.
ئەو وتیشی، دروستکردنی تیروکەوان حەز و ئارەزوی دەوێت، چونکە ئەگەر بتەوێت تەنیا یەک دانەی باش و مەزبووت دروست بکەیت پێویستت بە دوو رۆژی تەواو هەیە تا کۆتا هەنگاو و بتوانی تیری پێ هەڵبدەیت.
ئاسۆ باس لەوەدەکات، دروست کردنی ئەم تیروکەوانانە مادەی تایبەت بەخۆی دەوێت و دەبێت مادەیەکی نەرم و کشانی باشی هەبێت، ئەو هەمووی لە وڵاتی چینەوە بە داواکاری داوای دەکات، چونکە مادەی باشن و بەئاسانی دێن بەدەستەوە.
بۆ دروستکردنی تیروکەوانێکی باش دەبێت سێ رێگای دروست بەکاربێنی پەلی کەوانەکە، کاربۆن فایبەر باشترین جۆرە بۆدروست کردنەی و جیڕی گونجاوە، دواتر دەسکەکەی دارێکی ئەڵمانیە، کۆتا بەش بەستنی پەتەکەیە دەبێت بەهێز و کشانی باشی هەبێ.
کاریگەرییەکەی لە 30 پاوەندەوە تا 60 دەست پێدەکات، بەنموونە هێزی 50 پاوەند بێت، تیری بەگۆشەی 45 زیاتر لە 150 مەتر دەڕوات، لە 60 مەتر کاریگەری هەیە.
بەگشتی تیروکەوانەکان نرخەکانیان جێگیرە بەنزیکەی 150هەزار دەبێت و هەفتەی یەک تا دوو دانە ئەگەر هەبێ دەفرۆشێت، ئەو کەسانەی خولیای کڕینی ئەم شتانەیان هەیە زیاتر گەنج جا لە کچان و کوڕانیش زۆر کەسیش بۆ دیوەخان و ماڵەگەورەکان بۆ جوانی هەڵواسین دەیکڕن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا