لە سلێمانی
هەر پاسێک فێنککەرەوەی دانەگیرساند پەیوەندی بە سەندیکاوە بکەن
+964
دیلان محەمەد جەزا
شۆفێری هەندێک لە پاسەکانی ناو شار لە کاتی گواستنەوەی سەرنشیناندا فێنککەرەوە داناگیرسێنن، سەندیکای گواستنەوە دەڵێت، هەر پاسێک فێنککەرەوەی دانەگیرساند پەیوەندیمان پێوە بکەن.
سەندیکای شۆفێران هەمو ساڵێک شۆفێرانی پاس ئاگادار دەکاتەوە لە 1.6 بۆ 1.10 دەبێت فێنککەرەوە لەکاتی گواستنەوەی سەرنشیناندا دابگیرسێنن.
هەر شۆفێرێک فێنککەرەوەی دانەگیرساند، هاوڵاتی دەتوانێت پەیوەندی بە سەندیکای شۆفێرانەوە بکات، بۆ ئەوەی رێکار بەرامبەر ئەو شۆفێرە بگیرێتە بەر.
ئازاد ئەحمەد کارگێڕی سەندیکای شۆفێران بە 964 وت، نزیکەی 40 پاسی مۆدێل کۆن هەیە تۆمار کراون لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆوە و فێنککەرەوەیان تێدا نییە، قسەیەکیان کردووە لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە، بۆ ئەوەی ئەو پاسانەیان لێوەربگیرێتەوە و مینی پاسیان پێبدرێت.
وەک سەندیکا رێپێدانی پەردەیان وەرگرتووە بۆ سەرجەم پاسەکانی سلێمانی، بەڵام تەنیا لە کاتی بوونی سەرنشین دەتوانن پەردەکان دابدەنەوە.
لە شاری سلێمانیدا 1721 پاس هەیە، بەسەر 25 هێڵدا دابەشبوونە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا