لە شارەزوورەوە رۆیشت و لە هەولێر گیانى لەدەستدا

رووداوەکەى کەسنەزان باخچەیەکى بێناز کرد

بڕوا مەجید- شارەزوور

ئەو کەسەی بەیانی ئەمڕۆ لە رووداوە سەختەکەی هاتوچۆ لە کەسنەزانی هەولێر گیانی لەدەستدا، باخەوانێکی تەمەن 66 ساڵەی قەزای شارەزوور بوو، کە بە مەبەستی مامەڵەی زیادکردنی ساڵانی خزمەتەکەی سەردانی هەولێری کردبوو.

بەیانیی ئەمڕۆ، بارهەڵگرێک لەسەر ڕێگای کەسنەزان لە شاری هەولێر کۆنترۆڵی لەدەستدا و خۆی کێشا بە هەشت ئۆتۆمبێلدا. لە ئەنجامی ئەو رووداوەدا کەسێک گیانی لەدەستدا و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەوەى گیانى لەدەستدا ناوی (عەلی عەبدوڵا)یە.

مام عەلی، تەمەنی 66 ساڵە و باخەوانی “باخی نالی” بوو لە قەزای شارەزوور. ئەو پیاوە ماوەی 13 ساڵ و 11 مانگ و 10 رۆژ خزمەتی باخچەکانی شارەزووری کردووە و سەرقاڵی چاندن و خزمەتکردنی دار و گوڵەکان بووە.

جگە لەو خزمەتەی وەک باخەوان، مام عەلی پێشتر چەند ساڵێک خزمەتی سەربازیی هەبووە. مەبەستی سەفەرەکەی ئەمڕۆشی بۆ هەولێر تەنیا ئەوە بووە کە سۆراغی ئەو ساڵانەی خزمەتی سەربازییەکەی بکات و لە مامەڵەیەکی فەرمیدا بیخاتە سەر ژمارەی ساڵانی خزمەتی شارستانییەکەی، بەڵام مەرگ مەودای نەدا و لە ڕووداوەکەدا گیانی لەدەستدا.

لەم سەفەرەدا، مام عەلی کوڕەکەشی لەگەڵ بووە، کە ئەویش لە هەمان ڕووداودا بریندار بووە و ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح