بۆ دووەمجار؛ شاندی حکومەتی هەرێم دەچێتەوە بەغدا
964+
هێمن بەکر – هەولێر
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا، لە رۆژانی داهاتوو، جارێکی تر شاندی حکومەت بنێرێتەوە بەغدا، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گرفتەکانی نێوانیان و ئامادەکاریی بۆ رێککەوتن.
ئەوە دووەمجار دەبێت، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا، دوای ئەوەی رێککەوتن کرا بۆ پێکهێنانی حکومەتی تازەی عێراقی فیدراڵ.
رۆژی ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، شاندی حکومەتی هەرێم رۆیشتنە بەغدا، بە بەشداری ئاوات شێخ جهناب، وەزیری دارایی، كهمال محهمهد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دارا رهشید، وەزیری پلاندانان، ئومێد سهباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رهحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، عهبدولحهكیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەت.
ئەوان لە بەغدا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەکو وەزارەتی دارایی و نەوتی عێراق کۆبوونەوە، گفتوگۆیان کردووە لەسەر دۆسیەی ماددەی ١٤٠ و دۆسیەی نەوت و گاز و بەشداری هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان و بابەتی ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە و بابەتەکانی دیکەی وەک پڕۆژە یاساکانی دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی فیدراڵی و نەوت و گاز.
ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، لیژنەیەکی وەزاریی یاسایی رادەسپێرێت، بە هاوئاهەنگیی کردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەسانی پسپۆڕ و شارەزا، تاوەکو هاوکاریی شاندەکە بکەن.