کۆمەڵە: بەهۆی هێرشێکی درۆنیی ئێرانەوە پێشمەرگەیەکی کچ گیانی لەدەستدا

964+
وریا فەتاح

سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندیی “کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان” رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 14ـی نیسانی 2026، یەکێک لە پێشمەرگەکانیان بەناوی “غەزاڵ مەولان” بەهۆی هێرشێکی درۆنیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گیانی بەخشیتوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی کۆمەڵە، غەزاڵ مەولان کە پێشمەرگەی ریزەکانی ئەو حیزبە بووە، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی لە ناوچەیەکی سنووری بریندار ببوو، بەڵام دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهید بووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “هاوڕێ غەزاڵ، خەڵکی شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، وەک کچێکی شۆڕشگێڕ ریزەکانی کۆمەڵەی بۆ تێکۆشان دژی هەڵاواردن هەڵبژاردبوو، بەڵام ئەمڕۆ دڵی لە لێدان کەوت و بە ریزی گیانبەختکردووانی کوردستان پەیوەست بوو.”
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەم هێرشەی بە “کردەوەیەکی تیرۆریستی و دژە مرۆیی” ناوزەند کردووە و ڕایگەیاندووە، کە ئەم جۆرە هێرشانە بەڵگەی ئەوەن کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی هیچ سنوورێک بۆ کوشتن و سەرکوتکردنی خەڵکی تێکۆشەر ناناسێت.