بەهۆی بڵاوکردنەوەی بۆنی ناخۆش؛ دوو کارگە لە عەربەت رووبەڕووی دادگا کرانەوە

964+

وریا فەتاح

بە تۆمەتی پیسکردنی ژینگە و بڵاوکردنەوەی بۆنی ناخۆش لە هەوادا کە بووەتە هۆی بێزاریی هاوڵاتیان، رێکاری یاسایی بەرامبەر دوو کارگە لە سنووری ناحیەی عەربەت گیرایەبەر و درانە دادگا.

بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بڵاوى کردەوە، ئەو بۆنە ناخۆشەی لەو دوو کارگەیەوە بڵاوبووەتەوە، بووەتە هۆی دروستکردنی بێزارییەکی زۆر بۆ دانیشتووانی قەزای هەڵەبجەی تازە، ناحیەکانی عەربەت و زەڕایەن و ناوچەکانی دەوروبەریان، هەر بەو هۆیەشەوە راستەوخۆ کارگەکان رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.

لە ئێستادا لە بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ هەردوو کارگەکە رێکخراوە و دۆسییەکە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی توندیان بەرامبەر بگیرێتەبەر.

کێشەی پیسبوونی ژینگە لەو سنوورە نوێ نییە؛ پێشتریش چەندین کارگە و پاڵاوگەی دیکە بەهۆی سەرپێچیی ژینگەییەوە لەلایەن هەمان بنکەی پۆلیسەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رێکاری یاساییان لەدژ جێبەجێ کراوە.