لای چەپی هەر شەقامێک ئۆتۆمبێل رابگری سزادەدرێیت

964+

توانا نەقی

لای چەپی هەر رێگایەکی دوساید ئۆتۆمبێلەکەت رابگری لەلایەن هاتوچۆوە سزای مادیت بۆ دەکرێت.

بڕیارەکە دەمێکە هەیەو ئەو شێوە وەستانە قەدەغەیە بە وەستانی رێگەپێنەدراو لەلایەن هاتوچۆوە تۆمار دەکرێت.

فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە 964ـی راگەیاند، بڕیارەکە دەمێکە هەیە بەڵام شۆفێران گوێیان پێنەداوە بەڵام ئێستا رێکارەکان توندتر کراوەنەتەوە و چاوپۆشی لە کەس ناکەن و بیانبینن دەستبەجێ سزادەدرێن.

وتیشی، جگە لە ناو کۆڵانەکان و رێگا 20 مەترییەکان کە یەک ئاراستەن باقی رێگا دووسایدەکان بە لاوەکییەکانیشەوە بڕیارەکە دەینگرێتەوە و نابێت لە چەپی شەقامەکە ئۆتۆمبێل رابگیرێت.

“ئەو جۆرە وەستانە پێویستی بە هێمای هاتوچۆ نییە هەندێک بابەت هەیە وەک ئەلف و بێی هاتوچۆ وایە و دەبێت شۆفێران خۆیان بیزانن و ئۆتۆمبێل رانەگرن” فازڵ حاجی وای وت.