وردەکاری رووداوەکە باس دەکات

پارێزگاری سلێمانی: لەکاتی بەتاڵکردنی تانکەرێکی بەنزین ئاگرەکە کەوتووەتەوە


دیلان محەمەد جەزا _ سلێمان

پارێزگاری سلێمانی لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنە لە بینای پارێزگا ئاشکرایکرد، لەکاتی بەتاڵکردنی تانکەرێکی بەنزین لە کۆگای بەنزینخانەی بینای پارێزگا، ئاگرەکە کەوتووەتەوە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی وردەکاری رووداوەکەی بۆ 964 باس کرد و وتی: ئەو دەنگە بەرزانەی لەکاتی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە بیستراون، بەهۆی تەقینەوەی ئەو تانکەرەوە بووە کە بەنزینی هێناوە بۆ بینای پارێزگای سلێمانی و ئاگرەکەش لەکاتی بەتاڵکردنی تانکەرە کەوتووەتەوە.

دەشڵێت: دوای رووداوەکە تیمەکانی بەرگری شارستانی و تیمەکانی ناو پارێزگا توانیان بەزوویی و بەبێ هیچ زیانێکی گیانی، کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن.

پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەکرد، “لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم، داوامانکرد لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لیژنەیەک پێبکهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوەی دوێنێ و رووداوەکەی ئەمڕۆش.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 18.8.2026 ئاگر لە کۆگای سووتەمەنی بینای پارێزگای سلێمانی کەوتەوە، درەنگانی شەوی رابردووش، لە گەڕەکی تانجەرۆی سلێمانی کۆگایەکی سووتەمەنی ئاگریگرت و جگە لە سووتانی تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی و کۆگاکە، زیاتر لە 40 کەسیش برینداربوون کە ژمارەیەکیان کارمەندانی بەرگری شارستانی سلێمانی بوون.

پێداچوونەوە؛ هەژان هادی