بە ملیارێک دینار گوندی زەرواو دەبوژێندرێتەوە

964+

فەرمان سادق

بە بڕی ملیارێک دینار شەقامی گوندی زەرواو قیرتاو دەکرێت و پۆندێک و تۆڕی ئاویشیان بۆ دابیندەکرێت.

گوندی زەرواو دەکەوێتە سنووری ناحیەی دارەشەکران لە دەڤەری زرارەتی و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 70 ماڵ دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 2.7.2023، پارێزگای هه‌ولێر رایگه‌یاند کە سه‌رۆكی حکومەتی هەرێم رەزامەندیداوە له‌سه‌ر ته‌رخانكردنی یه‌ك ملیار و 242 ملیۆن دینار و 941 هەزار دینار بۆ جێبەجێکردنى چەند پڕۆژەیەکى خزمەتگوزاری لە گوندى زەرواوى ناوچه‌ی زرارەتى.

پڕۆژەکان خۆیان لە قیرتاوکردنی شەقامی سەرەکی چوون بۆ گوندەکە و کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکانی ناو گوندەکە، دروستکردنی پۆندێک و لێدانی بیری ئاو و دانانی تۆڕی ئاوی خواردنەوەیە بۆ دانیشتووانی گوندەکە.

محەمەد قورشید، یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکەیە بە 964ـی وت، درێژی شەقامەکە زیاتر لە دوو کیلۆمەترە، سەرجەم کۆڵانەکانی گوندەکەش کۆنکرێت دەکرێت، بەمەش خزمەتێکی گەورە بە دانیشتووانی گوندەکە دەگەیەنێت.

دەشڵێت: دروستکردنی پۆندەکە دەبێتە زیاتر بوژاندنەوەی کشتوکاڵ لە سنووری گوندەکە و دەڤەرەکەش.