نرخەكانیان زۆر گرانە
ئۆتۆمبێلە كلاسیكەكانی عێراق لە هەولێرن
964+
شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر
چوار رۆژە تیمێك بە ئۆتۆمبێلی كلاسیكی كۆنەوە لە شارەكانی خواروی عێراقەوە گەیشتونەتە هەرێمی كوردستان و ئێستا لە هەولێرن.
ئۆتۆمبێلەكان، لەجۆری دۆج و ئیمپالا و فێڕاری، دۆج، رانجرۆڤەری كۆنو كلاسیكن، رەنگی سور و رەش و شین و سپین لە موسڵ و بەغداوە سەردانی دهۆك و زاخۆیان كرد و ئەمڕۆش لە هەولێرن.
عەلا جبوری، بەڕێوەبەری گروپی کلاسیکی عێراق بە 964ـی وت، مۆدێلی ئۆتۆمبێلەکان لەنێوان 1946 تاوەکو 1962ـن زۆربەیان لە باب و باپیرانمانەوە ماوەتەوە، بۆ تازەکردنەوەیان کەلوپەل و پارچەکانیان بە کوالێتی بەرز لە وڵاتانی دەرەوە هاوردەکراون.
گروپی کلاسیکی عێراق، خاوەنی 40 ئۆتۆمبێلی مۆدێل کۆنن کە نرخی ئۆتومبێلەکان لەنێوان 25 بۆ 200 هەزار دۆلار دەبێت، بەڵام خاوەنەکانیان ئامادەنین بیفرۆشن.
شۆفێرەكان لەكاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەكاندا، جلی كلاسیك و گۆرانی كلاسیك لێدەدەن، قافڵەكەیان بەشوێن یەكەوە دەردەكەون، دیمەنێكی سەرنجراكێش و جوانیان هەیە.
كاتێك گەیشتنە دهۆك و زاخۆ و هەولێر، هاوڵاتیان وێنەیان لەگەڵ دەگرتن، بڕیارە دوای هەولێر بەرەو بەغدا بگەڕێنەوە.
پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد