هەڵەبجە

نوسخەیەکی دیکەی قورئانی پیرۆز بۆ شێوەزاری هەورامی وەرگێڕدرا

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە، و لە مانگی مەولود و لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامدا، نوسخەیەکی دیکەی وەرگێڕدراوی قورئانی پیرۆز بە شێوەزاری هەورامی بڵاوکرایەوە، کە ئەمەش دەبێتە چوارەم نووسخەی بە شێوەزاری هەورامی

وەرگێڕەکەی موستەفا عەباسیە، کە خەڵکی گوندی کێمنەی هەورامانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بۆ 964 قسەی کرد و وتی، دوای خانەنشینبوونم لە قوتابخانە کە مامۆستا بووم، پێموابوو کە جێگەی وەرگێڕانێکی هەورامی بۆ قورئان خاڵیە، بۆیەش دەستمکرد بە وەرگێران.

ئەو وتی، ماوەی چەند ساڵێکیشە تەواو بووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سپۆنسەرەوە دوا کەوت بۆ ئێستا و ئەمڕۆش لە شاری هەڵەبجە پێشکەشی خوێنەران و کتێبخانەی هەورامانم کرد.

دەربارەی ئەوەی کە نوسخە هەورامیەکە تەفسیرە یاخود وەرگێران مستەفا عەباسی وتی، ئەمە وەرگێڕانە و تەفسیر نییە، بەو حوکمەشی کە هەورامی زمانێکی دەوڵەمەند و کۆنە بۆیە پێمخۆشبوو من ئەو ئەرکە بگرمە ئەستۆ، و لەپاڵ ئەو بەڕێزانەی دیکەش کە ئەم کارەیان کردووە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا