نەورۆز و نەوت بە دوو گۆڵ یەکسان بوون

یادگار محەمەد – سلێمانی

لە خولی نایابی عێراق، یانەی نەورۆز روبەروی نەوت بووەوە و یارییەکەش بە دوو گۆڵ بۆ هەردولا کۆتایی هات.

یارییەکانی گەری 34 ـی خولی تۆپی پێی یانە پلە نایابەکانی عێراق بەرێوەچوو، لەسەر یاریگای سلێمانی یانەی نەورۆز میوانداری نەفتی شاری بەغدای کرد.

تایمی یەکەم یاریزانانی هەردوو یانە یارییەکی ئاست مامناوەندیان پێشکەشکرد، بەڵام لە خولەکی 41 یانەی خاوەن یاریگا توانی سوود لە هەلێک وەربگرێت و لە رێگەی روان تێلیسی بەرازیلییەوە گۆڵی یەکەم تۆمار بکات.

لە تایمی دووەمدا یانەی نەوت زۆر چاوەرێی نەکرد و دێنیس ئانتۆنی لە خولەکی 52 گۆلی یەکسان بوونەوەی بەخشی بە یانەکەی.

دواتر راهێنەری نەورۆز چەند گۆرانکارییەکی کرد ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی لە هێرشەکان چر ببنەوە و لە یەکێک لەو هێرشانەدا و لە خولەکی 81ـی یارییەکەدا ئۆکیکی ئەفۆلابی نەیجیری گۆڵی دووەمی بۆ نەورۆز تۆمارکرد، بەڵام دێنیس ئانتۆنی نەیهێشت یانەی نەورۆز سێ خاڵی یارییەکە بخاتە سەر کۆی خاڵەکانی و تەنیا دوای یەک خولەک گۆڵی بەرامبەری بۆ نەوت تۆمار کردەوە و یارییەکەش بە یەکسانی کۆتایی هات.

بەم یەکسانبوونە یانەی نەورۆز کۆی خاڵەکانی گەیاندە 45 خاڵ و لە ریزبەندیدا دوو پلە دابەزییە خوار و لە پلەی 12 جێگیربوو، یانەی نەوتیش خاڵێکی گرنگی بەدەستهێنا و بە کۆی 32 خاڵ لە پلەی 18 مایەوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق