کۆدى رفاندنى ناردبوو

بەهۆى شەڕى فڕۆکەوانەکانەوە فڕۆکەیەک لە سعودیە نیشتەوە

وریا فەتاح

فڕۆکەیەکی فلای دوبەی کە لە دوبەیەوە بەرەو تەل ئەبیبى پایتەختى ئیسرائیل لە ئاسمان دا بووە، کەمێک لەمەوبەر ئاماژەی “رفاندن و فریاکەوتن”ی ناردووە بۆ فڕۆکەخانەکان، بەڵام دواتر دەرکەوتووە کە نەرفێندراوە و بەهۆى شەڕى فرۆکەوانەکان لە سعودیە نیشتووەتەوە.
بەپێى سەرچاوە هەواڵییەکانى ئیسرائیل، فڕۆکەکە لە دوبەیەوە بەرەو تەلئەبیب لە گەشتدا بووە، بەڵام لە ئاسمانەوە نیشانەى ئاگادارکردنەوە “رفاندن و حاڵەتى نا ئاسایى” بۆ فڕۆکەخانە ناردووە.

رووداوەکە واى کرد گومان بکەن کە هەوڵێکى رفاندن هەبێت، بەڵام سەرچاوە ئەمنییە ئیسرائیلییەکان بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو زەنگی مەترسییە، دروستبوونی شەڕ و دەمەقاڵێ بووە لە نێوان فڕۆکەوانەکانی ناو فڕۆکەکەدا، نەک هەوڵی رفاندن.
ئەم ڕووداوە پێشوەختە حاڵەتی ئامادەباشی توندی لە ئیسرائیل لێکەوتەوە و دەستبەجێ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک فڕین.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە لیوا (ئەیال زامیر) سوپاسالاری ئیسرائیل، کۆبوونەوەیەکی هەڵسەنگاندنی بەپەلەی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی سوپا ئەنجامداوە، کە پێکهاتبوون لە فەرماندەی هێزی ئاسمانی، فەرماندەی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکان و فەرماندەی هەواڵگریی سەربازی.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ وردەکارییەکی دیکە سەبارەت بە چارەنووسی سەرنشینەکان و رێکارەکانی دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە لە سعودیە نەخراوەتەڕوو.